دواین هەواڵ

ئابوری‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

تێچووی بەشەخۆراکی مانگانە زیاد کرا

هەرێم نیوز

حکومەتی فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە تێچووی گواستنەوە و قازانجی بریکارەکانی خۆراک دەرکرد، کە بەهۆیەوە ئەو بڕە پارەیەی هاووڵاتیان مانگانە لە بەرامبەر وەرگرتنی بەشەخۆراک دەیدەن، زیاد دەکات.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەموارکردنەوە و زیادکردنی کرێی خزمەتگوزاری و قازانجی بریکارەکانی خۆراک (وەکیلەکان). لە بڕیارە نوێیەکەدا، پشکی قازانجی بریکار بۆ هەر تاکێک لە ٥٠ دینارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ ٢٥٠ دینار.

بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، گۆڕانکاری لە کۆی گشتیی ئەو پارەیەدا دەکرێت کە هاووڵاتی دەیدات:
• تێچووی نوێ: لەمەودوا هەر هاووڵاتییەک لە کاتی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەدا، دەبێت بڕی ١٥٠٠ دینار بۆ هەر کەسێک بداتە بریکارەکەی.
• کۆی گشتی: ئەم بڕە پارەیە وەک کۆی گشتیی تێچووی وەرگرتنی ماددە خۆراکییەکان و قازانجی بریکارەکە دیاریکراوە.

ئەم هەنگاوەی حکومەت دوای داواکارییە بەردەوامەکانی بریکارەکانی خۆراک دێت کە داوایان دەکرد کرێی خزمەتگوزارییەکانیان زیاد بکرێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و کرێی کۆگا و ماندووبوونیان لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP