هەرێم نیوز
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، هەرێم هەموو پابەندبوونێکی نەوتی و دارایی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا "عورفێکی" داهێناوە کە دەبێت سەرەتا مووچەی خۆیان بدەن ئینجا هی هەرێمی کوردستان بنێرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی 2ی 2026، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەگەر بابەتەکە بە سیاسی نەکرێت ئەوا هیچ گرفتێکی تەکنیکی لەبەردەم مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە، چونکە حکومەتی هەرێم ڕۆژانە نەوت ڕادەست دەکات و بڕەکەشی زیاد کردووە، تەنانەت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشبینیی توانای سێ مانگی داهاتووشی داوەتە بەغدا، جگە لەوەی داهاتی نانەوتی و تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجەعە) و لیستی مووچەش مانگانە لە کاتی خۆیدا ڕەوانە دەکرێن.
فارس عیسا نیگەرانیی خۆی لە شێوازی مامەڵەی بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە لە عێراق بووەتە "عورف" تاوەکو فەرمانبەرانی خۆیان مووچە وەرنەگرن، مووچەی هەرێمی کوردستان نادەن، ئەمەش جێگەی داخە و غەدرە لە هاووڵاتییانی هەرێم دەکرێت کە دەبێت وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی عێراقی هەژمار بکرێن.