دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دۆخی سیاسیی هەرێم و عێراق تاوتوێ دەکەن

هەرێم نیوز

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

هەر دوولا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز لە بەغداد کردەوە کە پابەندی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بێت و ڕێز لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت، بە جۆرێک بێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکات.

هاوکات جەخت لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ قۆناغی داهاتوو.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جۆشوا هاریس پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتە جیاوازەکاندا و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامیی ئەو هەنگاوانە دووپات کردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP