هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا سەردانی سکرتاریەتی ئەو ڕێکخراوەی کرد و جەختی لە ڕۆڵی کاریگەری ئەوان کردەوە لە بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ٢ی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە ٧٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سکرتاریەتیانی کرد و لەلایەن سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتەوە پێشوازیی لێ کرا.
جێگری سەرۆکی پارتی لە وتەیەکدا ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە تێکۆشانی ئەو ڕێکخراوە کرد و ڕایگەیاند: "ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە هەمیشە سەلماندوویانە کەرەستەی گەورەی پارتین و ئەم مەڵبەندە جێگەی پێگەیاندنی زۆربەی سەرکردەکانی پارتی بووە، کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە."
مەسرور بارزانی هیواشی خواست لەم قۆناغەدا، یەکێتیی قوتابیان و لاوان بەردەوام بن لە پەرەپێدانی هوشیاریی نەتەوەیی و هزری نیشتمانپەروەری لە نێو گەنجان و قوتابیاندا، بۆ ئەوەی ببنە پارێزەری دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان.