دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

لەبارەی قەرزەکانی پێشوی کارەبا بڕیاری نوێ دەدرێت

هەرێم نیوز

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوە لەبارەی گرانبوونی پارەی کارەبا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، پسوولەکە هی 46 ڕۆژە نەک 30 ڕۆژ، بۆیە پارەکەی زۆرە و دڵنیایی دەدات کە "نرخ دەستکاری نەکراوە."

بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی 2ی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سیستەمی کارەبای 24 کاتژمێری ڕایگەیاند: "پسوولەی ئەم مانگەی هاووڵاتییان کرێی 46 ڕۆژی ڕابردووی تێدایە، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەکە و چاپکردنی پسوولەکانەوە بووە."

عەزیز ئەحمەد دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە ئەو ڕۆژە زیادانە نابنە هۆی ئەوەی بچنە نێو "تاریفەی گرانتر" و وتی: "400 کیلۆواتی یەکەم بۆ 30 ڕۆژ هەژمار دەکرێت و ڕۆژە زیادەکانیش (16 ڕۆژەکە) بە هەمان نرخی هەرزان هەژمار دەکرێن." ئاشکراشی کرد کە بۆ قەرەبووکردنەوە، مانگی داهاتوو تەنها پسوولەی 14 ڕۆژیان بۆ دەچێتەوە.

سەبارەت بە نرخی کارەبا، ناوبراو جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نرخ نەکراوە، چونکە وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی گۆڕینی نییە، بەڵام زیادبوونی پارەکە بەهۆی زۆریی ڕۆژەکان و بەکارهێنانی زۆرەوە بووە لە وەرزی زستاندا.

عەزیز ئەحمەد ڕایگەیاند: "حکومەت بڕیاری 20% داشکاندنی دەرکردووە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕێگەی (ئی-پسوولە)ـەوە لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا پارەی کارەبا دەدەن.

لەبارەی قەرزە کۆنەکانیشەوە ڕوونی کردەوە، جارێ بڕیار نەدراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕەچاوی دۆخی دارایی خەڵک دەکرێت و "بە شێوەیەکی درێژخایەن وەردەگیرێتەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP