د هوشيار مظفر علي امين
وەرگێرانى : هەرێم نیوز
قسەکردن دەربارەی نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ساڵی ٢٠٢٦، لە ساتەوەختی بانگهێشتنامەکەوە یان لە ئەجێندای
ڕاگەیەندراوەوە دەستپێناکات، بەڵکو لە پاشخان و کەڵەکەبوونی سیاسی و ئەمنیی درێژخایەنەوە
دەستپێدەکات؛ تۆماری بەشدارییە بەردەوامەکان، ئامادەییەکی حیساب بۆ کراو، گوتارێک
کە لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگی هێزدا دەگۆڕێت. ئەو مامەڵە لەگەڵ کۆنفرانسەکەدا وەک سەکۆیەکی
پەیوەندییە گشتییەکان ناکات، بەڵکو وەک گۆڕەپانێکی تاقیکردنەوە بۆ پێگەی هەرێمی
کوردستان لەناو سیستمێکی نێودەوڵەتی شێواودا دەیبینێت.
ململانێ و بەرژەوەندییەکان تێکەڵبوون:
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە خولی شەست و دووەمیدا
لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت؛ ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لەسەر بنەمای یاساکان
دامەزراوە ڕووبەڕووی داخورانێکی ئاشکرا بووەتەوە، هاوپەیمانییە نەریتییەکان چیتر سەقامگیر
نین، ململانێ هەرێمییەکان تێکەڵبوون، ئاسایشی ئەوروپا دووبارە پێناسە دەکرێتەوە، و
پەیوەندییەکانی ئەودیو ئەتڵەسی (ئەمریکا و ئەوروپا) لە پێداچوونەوەدان. ئەم بارودۆخە
ڕێگە بە بێلایەنییەکی نەرێنی نادات، بەڵکو هەڵوێست و ڕوونیی و توانای بەڕێوەبردنی
ململانێ دەسەپێنێت، لە جیاتی ئەوەی تەنها بە وەسفکردنی ململانێکان واز بهێنرێت.
نێچیرڤان بارزانى لەچیدا لەوانى تری نەدەکرد:
نێچیرڤان بارزانی جارێکی تر بە سیفەتێکی جیاواز
لە زۆرێک لە بەشداربووان دێتە ناو ئەم دیمەنەوە؛ ئەو نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی فیدراڵی
دەکات، سەرکردایەتی سوپایەکی نێودەوڵەتى ناکات، بەڵام لە خاڵی بەیەکگەیشتنی تەنگژەکاندایە:
عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران. هەروەها لەناوچەیەکدایە کە پڕە لە وزە، تیرۆر و کێشە
سنوورییەکان دواییان نایەت. ئەم پێگەیە بەهایەکی کارای پێدەبەخشێت لە گفتوگۆکانی
ئاسایشی نێودەوڵەتیدا؛ بەهایەک کە پشت بە هێزی ڕەق نابەستێت، بەڵکو پشت بە ئەزموونی
کەڵەکەبوو لە کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکان دەبەستێت.
هەرێم سەقامگیربێت بۆ جیهان قازانجە:
لە بەشدارییەکانی پێشووی لە کۆنفرانسی ئاسایشی
میونشن وەک نوێنەری عێراق، نێچیرڤان بارزانی (دروشمبازی نەکرد)، بەڵکو جەختی لەسەر
پەیامێکی دیاریکراو کردەوە: سەقامگیری هەرێمی بەرژەوەندییەکی نێودەوڵەتییە و هەرێمی
کوردستان دوورگەیەکی دابڕاو نییە، هەر تێکچوونێک تێیدا ڕەنگدانەوەی لەسەر دەوروبەری
دەبێت. ئەم تێڕوانینە لە زیاتر لە خولێکدا دووبارە بووەوە بە گۆڕانی بارودۆخەکان؛
جارێک لە لووتکەی شەڕی دژ بە داعش، جارێک دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، و جارێک لە
کاتی تەنگژەی هەناردەکردنی نەوتدا. خاڵی نەگۆڕیش هەوڵدان بوو بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی
هەرێم وەک فاکتەری هاوسەنگی و فاکتەری ئاسایشی نیشتمانی، ناوچەیی و جیهانی، نەک لایەنێکی
پێکدادان.
بەرزانى لە ئەزموونەوە قسە دەکات:
ئەم شێوازە تەنها بژاردەیەکی گوتارئامێز و
رازاندنەوەى وشە و رستە نەبوو، بەڵکو ئەنجامی ئەزموون بوو. ئەزموونێک کە دوای ٢٠١٧
زیانی سیاسی و ئابووری زۆری لە هەرێم دا، ئەوەش ئەزموونێک بوو کە وایکرد نێچیرڤان
بارزانی چەندین جار پێداچوونەوە بکات. لە میونشن دوای ئەو قۆناغە، گۆڕانکارییەکی ڕوون
لە زمانی بارزانیدا دەرکەوت؛ ئەو دەتوانێت تەنگژەکان ئیدارە بدات و ستراتیژییەکی
واقیعی هەیە، بۆیە زیاتر جەختی لەسەر هاوبەشی، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و ڕێزگرتن لە
چوارچێوە دەستوورییەکان دەکردەوە. ئەم گۆڕانکارییەش سازشێکی بێبەرامبەر نەبوو،
بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ململانێکان.
تەوەرە گرنگەکانى میونشن:
لە کۆنفرانسی ٢٠٢٦دا سروشتی هەڕەشە خراوەڕووەکان
دەگۆڕێت لەوانەش تیرۆر ون نەبووە بەڵام چیتر یەک ناونیشان نییە. ئاسایشی ئەلیکترۆنی،
ژیریی دەستکرد، هێرشە تێکەڵەکان (هایبرید)، گومرگەکانی ترامپ، هەڕەشە بۆ سەر سەروەری
هەندێک وڵاتی ئەوروپی وەک دانیمارک، گرنگی پاراستنی ژێرخان و ئاسایشی وزە، جگە لەمانە
لە دەوروبەری نێچیرڤان بارزانیدا ململانێی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات و نەبوونی
ئاسایشی کورد لە سوریا، ئەم مەلەفانە بەهێزی لە کارنامەی کۆنفرانسەکەدا ئامادەن.
بارزانی لە بەشدارییەکانی پێشوودا ئاماژەی بە هەستیاریی ناوچەکە کردبوو لەبەردەم ئەم
هەڕەشانەدا و ڕایگەیاندبوو کە ئەو دەوڵەتانەی لە ڕووی دامەزراوەییەوە لاوازن دەبنە
خاڵی دزەکردن، ئەم تێڕوانینەش هەرێم دەخاتە ناو گفتوگۆیەکی جیهانی نەک تەنها ناوخۆیی.
سەرۆکی کۆنفرانسەکە وەسفی میونشنی کرد بەوەی سەکۆیەکە
بۆ گفتوگۆی جیهانی، ئەم وەسفەش لەگەڵ تێڕوانینی بارزانیدا دەگونجێت کە گفتوگۆ وەک
ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی دەبینێت نەک وەک جێگرەوەی بەرژەوەندییەکان. لە کۆبوونەوە
داخراوەکانی کۆنفرانسەکە لە ساڵانی ڕابردوودا، نێچیرڤان جەختی لەسەر هێڵە سوورە ڕوونەکان
کردبووەوە: بەکارنەهێنانی خاکی هەرێم وەک گۆڕەپانی ململانێی وەکالەت، پاراستنی مەدەنییەکان،
و بەردەوامی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. ئەمانە پەیامی ئەمنی ڕاستەوخۆن
و پێویست بە لێکدانەوەی تر ناکەن.
دەکرێت سوریاش ئارام ببێتەوە:
ئەمڕۆ ئامادەبوونی سەرکردە دیارەکانی ئەوروپا و
شاندێکی باڵای ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئاستی سەرنج خستنە سەر ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، کوردستان و کوردی هەر چوار پارچەکە بەرز دەکاتەوە. چونکە ئەوروپا بەدوای
سەقامگیرییەکدا دەگەڕێت کە فشاری کۆچبەری کەم بکاتەوە، زنجیرەکانی وزە بپارێزێت و
مەترسییەکانی توندڕەوی کەم بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، -بارزانی -هەرێم وەک خاڵێکی
سەقامگیری ڕێژەیی نیشان دەدات، نەک وەک حاڵەتێکی بێ کەموکوڕی (ئایدیالی)، بەڵکو وەک
حاڵەتێک کە دەکرێت بەڕێوە ببرێت.
مەلەفی سوریا بەشێکی سەرەکی ئەم گفتوگۆیەیە:
بارزانی لە بەشدارییەکانی پێشوودا هۆشداری
دابوو لە پشتگوێخستنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی درێژخایەن
و گەڕانەوەی ڕێکخراوە توندڕەوەکان. دوای ئەوەی بەسەر هێزەکانی سوریای دیموکراتدا
هات، ئەم هۆشدارییە تەنها تیۆری نەبوو، بەڵکو لە ئەزموونی سنووری کراوە، ئاوارەیی
و هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە هاتبوو. لە ساڵی ٢٠٢٦دا ئەم مەلەفە دەگەڕێتەوە پێشەوە لەگەڵ
پاشەکشەی بایەخی نێودەوڵەتی و فرەیی ئەکتەرەکان، چونکە هەرێم جارێکی تر خۆی وەک هێڵی
بەریەککەوتن دەبینێتەوە.
با چەکەکان بێدەنگ بن:
پەیوەندی لەگەڵ تورکیاش ئامادەیە لە تەنگژەی
پارتی کرێکارانی کوردستان و هەستیارییە ناسراوەکانی تایبەت بە سەروەری، هەروەها لە
ئێران دوای ناڕەزایەتییەکان و سوریا دوای ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە. لە میونشن بارزانی
پێشتر قسەی کردووە و لە داهاتووشدا قسە دەکات لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەم مەلەفە
لە ڕێگەی گفتوگۆی ئەمنی و جیاکردنەوەی مەدەنی و دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانى چەک،
ئەم تێڕوانینەش ڕێگەی بەڕێوەبردنی تەنگژەکەیە. ئەو توانیویەتی کەناڵەکانی پەیوەندی
بە کراوەیی بهێڵێتەوە لەناو کەشێکی ئەمنی ئاڵۆزدا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی
تاکتیکییە بۆ نێچیرڤان.
تێڕوانینێکى ستراتیژیی بۆ مەلەفى وزە:
بەڕێوەبردنی ململانێ لە مەلەفی (وزە)شدا دەردەکەوێت؛
ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوت کۆتایی نەهاتووە لەگەڵ دواکەوتنی
پێکهێنانی حکومەتی ناوەند و هەڕەشە نوێیەکان بۆ سەر پڕۆسەی سیاسی. لە میونشن،
بارزانی ئەم مەلەفە لەناو چوارچێوەیەکی فراوانتردا دەخاتە ڕوو کە ئەمانە دەگرێتەوە:
ئاسایشی وزەی ئەوروپا، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکان و سەقامگیری یاسایی. ئەم گرێدانەش
ململانێیەکی ناوخۆیی دەگۆڕێت بۆ پرسێکی خاوەن ڕەهەندی نێودەوڵەتی و هاندەر بۆ لایەنە
دەرەکییەکان دروست دەکات بۆ نێوەندگیری.
یەکتریی قبوڵکردن نەک سڕینەوە:
کۆنفرانسەکە باسی داهاتووی فرەیی دەکات و بارزانی ئەم چەمکەی بەکارهێنا
بۆ قسەکردن لەسەر عێراقی فیدراڵ، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و هاوبەشی نێوان ناوەند و
هەرێم. ئەم تێڕوانینە لەگەڵ واقیعێکی سیاسی ناوخۆیی ئاڵۆز بەریەک دەکەوێت، بەڵام وەک
بەشێک لە گوتارێکی کوردی بارزانی و حکومەت و حزبەکەی دەمێنێتەوە کە ئاراستەی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی دەکرێت، بە گوتارێک کە دەڵێت جێگرەوەی فرەیی تەنها ململانێی هەمیشەییە.
هەرێمى پنتێکی پڕ بایەخە:
لە ٢٠٢٦دا، کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ لەژێر سێبەری هەڵکشانی
ململانێ جیهانییەکاندا بەڕێوەدەچێت؛ تەنگژەی ئۆکرانیا بەردەوامە، تەنگژەی غەززە و
لوبنان بەردەوامە، و بارودۆخی ئێران ئاڵۆزە. ئەمەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە پەراوێزێکی
گۆڕاوی بایەخپێدانەکانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بارزانی هەوڵ دەدات هەرێم لەناو بازنەی
بایەخپێداندا بهێڵێتەوە، نەک لە ڕێگەی زیادەڕەویکردن لە هەڕەشەکان، بەڵکو لە ڕێگەی
بەستنەوەی سەقامگیری ناوخۆیی بە ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە. سەرکردایەتیکردنی ململانێ
لەم بارودۆخەدا بە واتای هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە نایەت، بەڵکو بە واتای بەڕێوەبردنی
مەترسییەکان، هەڵبژاردنی کات و تێگەیشتن لە سنوورەکانی هێز دێت. بارزانی لە میونشن
لەم چوارچێوەیەدا خۆی وەک سەرکردەیەک نیشان دەدات کە دەزانێت ململانێ هەیە، دەزانێت
پشتگوێخستنی تێچووی زۆرە، و کەمکردنەوەی زیانەکان هەڵدەبژێرێت لە جیاتی گەڕان بەدوای
سەرکەوتنی خێرا؛ ئەو بەڕێوەبەرێکی تەنگژەیە کە خاوەن ستراتیژییەکی عێراقی بە گشتی
و کوردییە بە تایبەتی.
کۆنفراس کاریگەریی نەرمی هەیە:
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وەک هەمیشە بڕیاری
پابەندکەر دەرناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر داڕشتنی سیاسەتەکان هەیە و ئەوەی لە دانیشتنەکانیدا
دەگوترێت دەگوازرێتەوە بۆ پایتەختەکان، ناوەندەکانی بڕیار و ژوورەکانی پلاندانان.
نێچیرڤان بارزانی درک بەم داینامیکییەتە دەکات، بۆیە سوورە لەسەر ئەوەی هەرێم وەک
بەشێک لە چارەسەر پێشکەش بکات نەک بەشێک لە کێشەکە.
لە بەشدارییەکانی پێشوودا باسی گەنجان، بێکاری
و توندڕەویی کردووە. ئەو کەسە بوو کە ئەم پرسانەی بە ئاسایشەوە گرێداوە، ئەم گرێدانەش
لە گفتوگۆیەکی ئەوروپیدا گرنگە کە بەدوای چارەسەری درێژخایەندا دەگەڕێت: ئاسایشی کۆمەڵایەتی
وەک یەکەم هێڵی بەرگریی. ئەم تێڕوانینە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی فراوانترە بۆ چەمکی
ئاسایش.
جیهان بەرەو جەمسەرگیرییەکی نوێ:
هەموومان دەزانین کە تەنها یەک کۆنفرانس ڕێڕەوی
ململانێکان ناگۆڕێت، بەڵکو شێوازی سەرکردەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئاشکرا دەکات.
شێوازی نێچیرڤان بارزانی لەسەر بەڕێوەبردنی تەنگژەکان بونیاد نراوە، بە واقیعییەتی
سیاسی و بە کراوەیی هێشتنەوەی کەناڵەکان و هاوسەنگی ڕاگرتن لەنێوان فشارە دژبەیەکەکاندا.
لە جیهانێکدا کە بەرەو جەمسەرگیرییەکی توند دەچێت، ئەم شێوازە دەبێتە بژاردەیەکی سەرکەوتوو
بۆ نێچیرڤان.
هەر بۆیە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنی نێچیرڤان
بارزانى وەک ئەزموونی بەڕێوەبەرێکی تەنگژە و ڕێبەرێکی ململانێکان دەمێنێتەوە...