دواین هەواڵ

عێراق‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆتایی خەونی سوودانی و مالیكی؛ بەغدا ئامادەکاری بۆ سەرۆکوەزیرانێکی "ئەمنی" دەکات

هەرێم نیوز

بەرەی دژە كاندیدكردنی نووری مالیكی لە ناو ماڵی شیعەدا فراوانتر دەبێت و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ترسی سزاکانی ئەمریکا، بەدوای کاندیدێکی جێگرەوەدا دەگەڕێن کە متمانەی نێودەوڵەتیی هەبێت، لەو نێوەندەشدا حەمید شەترێ زۆرترین چانسی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "العربي الجدید" کە لە سەرچاوە باڵاکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە گواستوویەتیەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی ئەو هێزە سیاسییانەی ڕەخنەیان لە کاندیدکردنی مالیكی هەبووە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. هۆکارەکەشی بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەگەڕێتەوە.

ستراتیژیی "کشانەوەی نەرم"
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرکردەکانی وەک (عەممار حەکیم، قەیس خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، هادی عامری و هومام حەمودی) گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت مالیكی دوور بخرێتەوە، بەڵام دەیانەوێت بە شێوەیەکی "نەرمونیان" ئەمە بکەن تاوەکو حیزبی دەعوە و مالیكی تووشی کاردانەوەی توند نەبن و پڕۆسەی سیاسی بایکۆت نەکەن.

لیستی کاندیدەکان و چانسی جێگرەوەکان:

• حەمید شەترێ (سەرۆکی دەزگای هەواڵگری): بەهێزترین کاندیدە؛ بەهۆی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان و متمانەی ئەمریکا و وڵاتانی هەرێمی بە دەزگا ئەمنییەکان.
• ئەسعەد عیدانی (پارێزگاری بەسرە): ناوەکەی وەک بژاردەیەکی دیکە لە ناو گفتوگۆکاندایە.
• محەمەد شیاع سوودانی (سەرۆکوەزیرانی ئێستا): سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی خولێکی دیکە، بەڵام لە لایەن زۆرینەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بە تەواوەتی ڕەتکراوەتەوە.

تاوەکو ئێستا نووری مالیكی پێداگرە لەسەر کاندیدبوونی و ڕەتیدەکاتەوە بکشێتەوە، بەڵام گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئەوە دەچن کە چوارچێوەی هەماهەنگی بژاردەی "کاندیدی سازان" هەڵبژێرێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر سزایەکی چاوەڕوانکراوی واشنتن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP