هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی دایە عێراق و ڕایگەیاند، پێداگری لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لێکەوتەی زۆر نەرێنی بۆ گەلی عێراق دەبێت و ئەمەریکاش پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیدا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی 2ی 2026، کەناڵی (ئەل حوڕە) لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، ئەگەر نوری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکرێت، ئەمەریکا ناچار دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق هەڵبسەنگێنێتەوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە ئەولەویەتەکانی واشنتن ڕوون و ئاشکران، ئەویش کۆتاییهێنانە بە هەژموونی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەسەر سیاسەتی عێراق و نەهێشتنی ئەو مەترسییانەی کە لەسەر ئەمەریکا، عێراق و ناوچەکە دروستی دەکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەولەویەتەکانی واشنتن سنووردارکردنی هەژموونی ئێران و پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا لەخۆدەگرێت، بۆیە ئەمەریکا بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕێت کە هاوڕا بێت لەگەڵ ئەم ئامانجانەدا.
لەلایەکی دیکەوە، ڕاوێژکارێکی حکومەتی عێراق بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە و تێیدا ئەو کەرتانەی دیاری کردووە کە ئەگەر بێت و کاندیدکردنی مالیکی بەردەوام بێت، دەکرێنە ئامانجی سزاکانی ئەمەریکا.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕاوێژکارە، ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)، بانکی ناوەندیی عێراق، کەرتی ئەمنی و دیپلۆماسی و چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئێستا و پێشوودا کردووە.
ئەو سزایانەی چاوەڕوان دەکرێن بریتین لە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی عێراق، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە دۆلار و سزادانی بانکەکان، کە ئەمەش بە مانای وەستانی تەواوەتیی بازرگانیی دەرەکی و دروستبوونی کێشەی گەورەیە لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقدا.