هەرێم نیوز
وەزارەتی بازرگانیی عێراق گەیشتنی کەشتییەکی گەورەی هەڵگرتووی برنجی تایلەندی بۆ بەندەری ئوم قەسر ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ئەم هەنگاوە بۆ پتەوکردنی یەدەگی خۆراک و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵاتە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی 2ی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی لە زاری لەما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەرەستە خۆراکییەکانەوە بڵاوی کردەوە، کەشتیی (BC AGILITY) کە هەڵگری بڕی 39 هەزار و 995 تەن برنجی تایلەندییە، لە بەندەری ئوم قەسر لەنگەری گرتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنی ئەو بارە.
سەبارەت بە کوالێتیی برنجەکە، بەڕێوەبەری گشتی ڕوونی کردەوە کە تیمەکانی پشکنینی تاقیگەیی لە بەندەرەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی کۆنتڕۆڵی جۆری، نموونەیان لە برنجەکە وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی فیزیایی سەرەتایی و پاشان ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندی دەکرێت بۆ پشکنینی کیمیایی و بایۆلۆژی تا دڵنیایی تەواو لە گونجانی لەگەڵ ستانداردەکان وەربگیرێت پێش ئەوەی بە فەرمی وەربگیرێت.
وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش داوە کە پرۆسەی دابەشکردنی ئەو برنجە بەسەر هاووڵاتییاندا بەپێی پلانێکی بەبازاڕکردن دەبێت کە لەلایەن بەشی بەبازاڕکردنی کۆمپانیاکەوە ئامادە کراوە، بە جۆرێک کە دەستەبەری گەیشتنی ماددەکە بە هاووڵاتییان بکات لە کاتی دیاریکراودا و بەشێوەیەکی ڕێکخراو.