دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشیار زێباری: ئەنجومەنێکی سیاسی دروست دەکەین و بارزانی سەرۆکی دەبێت؛ "هێشتا سوورین لەسەر وەزارەتی ناوخۆ"

هەرێم نیوز

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وردەکاریی گفتوگۆکانی لەگەڵ یەکێتی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هێشتا سوورن لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام بەدیلیان هەیە بۆ یەکێتی، هاوکات باس لە پێکهێنانی "ئەنجومەنێکی سیاسی" دەکات بە سەرۆکایەتیی بارزانی.

هۆشیار زێباری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (دیجلە) ڕایگەیاند، کەشێکی تەندروست لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە و کۆبوونەوە لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کراوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر هەموو شتەکان ڕێکنەکەوتوون.

زێباری ئاشکرای کرد کە بیرۆکەی دروستکردنی "ئەنجومەنێکی سیاسی" لە ئارادایە بۆ سەرپەرشتیکردنی بڕیارە ستراتیژییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکان، نەک وردەکاریی حکومەت. گوتیشی: "یەکێتی داوای گەرەنتییان دەکرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان، ئێمە پێشنیاری ئەم ئەنجومەنەمان کرد و ئەوانیش گوتیان ئەمە بیرۆکەیەکی نایابە و با کاک بارزانی سەرۆکایەتیی بکات."

سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان، هۆشیار زێباری جەختی کردەوە: "ئێمە هێشتا سوورین لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام بەدیلمان هەیە بۆ ئەوەی پێشکەشی یەکێتی بکەین." ڕوونیشی کردەوە کە لە دۆسیەی ئەمنیدا وەزارەتی پێشمەرگەیان داوەتە یەکێتی و ئامادەن پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەرێمیشیان پێ بدەن.

دەربارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و کاندیدی یەکێتی، زێباری وتی: "هێشتا زووە پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی بکەین، چونکە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغە."

هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانی و هادی عامری کرد لە لێکنزیککردنەوەی هەردوولا و ڕێکخستنی دیدارەکەی نێوان  بارزانی و بافڵ تاڵەبانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP