هەرێم نیوز
گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە ڕووی لە زیادبوونە؛ حەبیب حەلاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادقوون (باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق)، وەڵامێکی توندی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و لێدوانەکانی بە "خۆبەزلزانانە" وەسف کرد.
حەبیب حەلاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و زمانی هەڕەشە و گوڕەشە لە کەس قبوڵ ناکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە لێدوانەکانی فیدان دەری دەخات تورکیا هێشتا وانەی لە مێژوو و ڕاستییە جوگرافییەکان وەرنەگرتووە و دەیەوێت بە ئەقڵییەتی "سەرپەرشتیار" مامەڵە لەگەڵ عێراق بکات.
ئەم وەڵامەی پەرلەمانتارەکەی سادقوون دوای ئەوە دێت کە دوێنێ هاکان فیدان لێدوانێکی جەنجاڵیی دا و ڕایگەیاند:
• هەماهەنگی لەگەڵ حەشد: ٢٠ جار لەگەڵ حەشدی شەعبی دانیشتوون بۆ هێرشکردنە سەر مەخموور و شنگال.
• گۆڕانکاریی گەورە: فیدان مژدەی "گۆڕانکاری گەورە"ی لەو ناوچانە دا.
• نۆرەی عێراقە: وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: "دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانمان لە سووریا، دەستمان بەتاڵ دەبێت بۆ عێراق و ئێستا نۆرەی عێراقە."
حەلاوی لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا جەختی کردەوە کە عێراق خاوەنی خۆیەتی و ڕێگە نادات هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و ئەمنیی وڵاتەکەیدا بکات. ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە کە تورکیا چاوی لەوەیە پڕۆسە سەربازییەکانی لە ناوخۆی خاکی عێراق دژی پەکەکە فراوانتر بکات.