هەرێم نیوز
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستە باڵاکان کۆدەبێتەوە، ڕاوێژکاری مالیکیش دەڵێت "چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر کاندیدەکەی".
بڕیارە سبەی یەکشەممە 8ی 2ی 2026، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، کۆببێتەوە.
عەباس موسەوی، ڕاوێژکاری میدیایی نوری مالیکی ئاشکرای کرد، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی یەکلاییکردنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق، هاوکات دۆخی ناوخۆی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکەش دەخرێنە بەر باس.
سەبارەت بە دەنگۆی کشانەوەی کاندیدەکەیان، موسەوی بە ڕوونی ڕایگەیاند: "نوری مالیکی نیازی کشانەوەی نییە و چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێکی ڕوونی هەیە و پێداگرە لەسەر کاندیدەکەی."
ڕاوێژکارەکەی مالیکی هەموو ئەو زانیاری و سیناریۆیانەی بە "دوور لە واقیع" وەسف کرد کە باس لە گۆڕینی کاندیدی سەرۆکوەزیران دەکەن.