هەرێم نیوز
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی شاندێکی باڵا کە پێکهاتبوون لە (ڕێبەر ئەحمەد، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی و ئومێد خۆشناو)، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازیی فەرمییان لە شاندەکەی بەغدا کرد.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ئەندامییەتی هەر یەکە لە:
• هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر.
• موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە یەکلاییکردنەوەی کاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراقـە. بڕیارە شاندەکە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، بەرەو سلێمانی بەڕێ بکەون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە لایەنەکان لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ. چاودێران پێیان وایە گەیشتنی ئەم شاندە قورسە بۆ هەولێر، ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان لە ڕێککەوتنی کۆتایی.