هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێکی سیمبولی و گرنگ بۆ پشتگیریکردنی دۆزی نەتەوەیی کورد و زیندووکردنەوەی ڕۆحی بەرگری پەسەند کرا.
بە پێشنیاری پارێزگاری هەولێر و بە ڕەزامەندیی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، بڕیار درا چوارڕیانێکی دیار و گونجاو لە هەولێری پایتەخت بەناوی (کەزی) بکرێت. ئەم ناونانە لە کاتێکدایە کە پرسی "کەزی" لەم دواییانەدا بووەتە سیمبولی خۆڕاگری و سووربوون لەسەر مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئومێد خۆشناو لە کاتی پێشکەشکردنی پێشنیارەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە تەنها ناونانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو:
• دیفاکتۆی بەرگری: ئاماژەیە بۆ زیندووکردنەوەی ڕۆحی مقاوەمەت و بەرپەرچدانەوەی زوڵم و ستەمی داگیرکەران.
• یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد: ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ یەکگوتاریی نەتەوەیی و نیشتمانی.
• یەک ڕۆح و یەک جەستە: سەلماندنی ئەوەیە کە گەلی کوردستان لە هەر پارچەیەک بن، یەک بیر و یەک خەم کۆیان دەکاتەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر سوپاسی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی کرد بۆ کارەکانیان لە جوانترکردنی سیمای پایتەخت و چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتیان. هەروەها دووپاتی کردەوە کە دەبێت بواری زیاتر بە فەرمانبەرە دڵسۆزەکان بدرێت تاوەکو باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکەن.