دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

هەسەدە تاوانەکانی سوپای سووریای بڵاوکردەوە؛ ٥٠ بەڵگەی ڤیدیۆیی لەسەر کۆمەڵکوژیی کوردان

هەرێم نیوز

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەنگاوێکی کتوپڕدا پەردەی لەسەر زنجیرەیەک تاوانی جەنگ لادا کە لە ماوەی ١٧ ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە توندڕەوەکانەوە بەرامبەر بە گەلی کورد لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە ئەنجام دراون.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هەسەدە، لیستێکی پێکهاتوو لە ٥٠ بەڵگەی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا دڕندەترین جۆری پێشێلکاریی تێدا دۆکیۆمێنت کراوە. بەپێی بەڵگەی ژمارە (٧)، سوپای سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب گازی ژەهراوی دژی خەڵکی سڤیل بەکارهێناوە.

گرنگترین و دڵتەزێنترین بەڵگەکان:
• هێرش بۆ سەر نەخۆشخانە: بەڵگەکان دەریدەخەن نەخۆشخانەی (خالید فەجر) گەمارۆ دراوە و دواتر بە درۆن هێرشی کراوەتە سەر.

• کۆمەڵکوژیی ئاوارەکان: بەڵگەی ژمارە (٢٢) باس لە کۆمەڵکوژیی ئەو ژن و پیاوە کوردانە دەکات کە ویستوویانە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەربچن.
• بێڕێزی بە تەرم و بازرگانی بە مرۆڤ: لە چەند ڤیدیۆیەکدا (٢٨، ٣١، ٣٥) دەردەکەوێت تەرمی کچێکی شەڕڤان لە باڵەخانە فڕێ دەدرێتە خوارەوە، و کچێکی دیکەی ڕفێنراوی کورد وەک "کۆیلە" بازرگانیی پێوە دەکرێت.

• سووکایەتیی ڕەگەزی: لە زۆربەی ڤیدیۆکاندا چەکدارانی سووریا وشەی نەشیاوی وەک "بەرازی کورد" بەرامبەر هاووڵاتییان بەکاردەهێنن.

هەسەدە لە بەڵگەکانی ژمارە (٤٩ و ٥٠)دا دەیسەلمێنێت کە هێزەکانی جۆلانی بە مەبەست زیندانیانی داعشیان لە کەمپی هۆڵ و زیندانەکانی دیکە ئازاد کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناوچەکە بەرەو پشێوی و تیرۆر ببەنەوە.

ئەم بەڵگانە کە لەلایەن ئاژانسە جیهانییەکانیشەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لە کاتێکدا بڵاو دەکرێنەوە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر دیمەشق زیادیان کردووە.

بڵاوکردنەوەی ئەم دۆکیۆمێنتانە لەلایەن فەرهاد شامییەوە، وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ بردنی دۆسیەی سوپای سووریا و گرووپە توندڕەوەکان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ و ماکرۆن باسیان لە دۆخی "تەواو هاوڕا"ی خۆیان لەسەر سووریا کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP