هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٦، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێکەوە هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردووی سەر کونسوڵخانەی گشتی ئیماراتیان لە هەولێر سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان لەقەڵەمدا.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندیی تەواوی هەرێم کردەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، هاوکات هەردوولا باسیان لە گرنگیی پتهوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ئەمنییەکان.
سەرۆکی ئیمارات سوپاسی هەماهەنگیی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کرد و هەردوو سەرکردە هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە لەم دۆخە هەستیارەدا.
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە هێرشە درۆنییەکانی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر نێردە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە و گوشارەکانی سەر حکومەتی فیدراڵیی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە زیاتر کردووە.