هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٦، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە شاری هەولێر.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی پەیوەندییەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات و هەنگاوی جددی بنێت بۆ ڕێگریکردن لەو گرووپە لەیاسادەرچووانەی کە مەترسیی ڕاستەقینەن بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراق، و داوای دەستگیرکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەی کرد.
لای خۆیەوە، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات سوپاسی هەڵوێستەکەی نێچیرڤان بارزانی کرد و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەم هێرشە تێکدەرانەیە کە شەوی ڕابردوو ئەنجامدرا، زیانی بە باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئیمارات گەیاندووە و کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر لە بەغدا دەکات بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هێرشی گروپە چەکدارەکان.