دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی لەگەڵ ئەمینداری یەکگرتوو کۆدەبێتەوە؛ "پێویستە پەلە لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی بکرێت"

هەرێم نیوز

بارزانی لە میانی پێشوازیکردنی لە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، جەخت لە خێرا پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان دەکاتەوە و مەرجێکیش بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی سیاسی دادەنێت، هاوکات ڕاشیدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە شەڕی ناوچەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026، بارزانی پێشوازی لە سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا ئەمینداری یەکگرتوو ئاماژەی بە بارودۆخی ناوچەکە کرد.
جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای بوونی جیاوازیی بۆچوونی سیاسی، دۆخەکە وا دەخوازێت هەماهەنگیی بەردەوام لەسەر بابەتە هەستیارەکان هەبێت.

هەروەها سوپاسی ڕۆڵی بارزانی کرد بۆ ئەو هەوڵە بەردەوامانەی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا داویەتی.
هاوکات ستایشی ئەو ڕۆڵە کاریگەرەشی کرد کە لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا بینیویەتی.

پەیوەست بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، بارزانی ئەوەی دووپات کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە هەمیشە خوازیاری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانن.
باسی لەوەش کرد کە ئەولەوییەتیان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی کوردستانە.

ڕوونیشی کردەوە کە لەپێناو نەهێشتنی کێشەکان ئامادەن لە هەر ڕۆڵێکی ئاشتیخوازانەدا بەشدار بن کە لێیان بخوازرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بارزانی نیگەرانیی خۆی لە هێرشی هەندێک گرووپ بۆ سەر هەرێم دەربڕی کە لەژێر بیانووی بێ بنەمادا ئەنجامی دەدەن.

ڕاشیگەیاند کە داوا لە حکومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی کراوە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ڕەفتاری ئەو گرووپە لەیاسادەرچووانە دابنێن.

سەبارەت بە پرۆسەی ناوخۆی هەرێم، بارزانی دووپاتی کردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاتریان هەبێت.

بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، بە گرنگی زانی هەموو لایەک پەلە بکەن بۆ کاراکردنی پەرلەمان.
هەروەها جەختی لە پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانی نیشتمانی کردەوە کە تێیدا هەموو لایەک بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی سیاسی، بە پێویستی زانی هەموو پارتە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن.

بەڵام مەرجی ئەوەشی خستە ڕوو کە نابێت ئەو ئەنجوومەنە ببێتە ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP