دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

هەسەدە: ئەنجامی دانوستانەکانی دیمەشق ڕادەگەیەنین و پاشەکشە ناکەین

هەرێم نیوز

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، دانوستانەکانیان لە دیمەشق بە چاودێری نێودەوڵەتی بەڕێوەچووە و بڕیارە لە کاتێکی نزیکدا ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە شاندەکەیان لە دیمەشقەوە گەڕاونەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

شامی لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی ڕۆناهی جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت، هەسەدە تەنانەت یەک هەنگاویش پاشەکشە ناکات. هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر لایەنی بەرامبەر بگەڕێتەوە بۆ بژاردەی هێرشکردن، ئەوا بە توندی ڕووبەڕوویان دەبنەوە و هەنگاوی گەورەتر دەنێن.

بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە داوای لە کوردانی ڕۆژئاوا و پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەوروپا کرد، لە گۆڕەپانەکان بمێننەوە و بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی بەرخودان. ئەو پێی وایە هەڵوێستی گەل دەتوانێت هاوسەنگییەکان بگۆڕێت و وایان لێبکات بە سەلامەتی بەم قۆناغەدا تێپەڕ بن.

شامی داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە نەکەونە ژێر کاریگەری پڕۆپاگەندە و سیاسەتەکانی لایەنی نەیار. ناوبراو دڵنیایی دا کە تێکۆشانەکەیان بە سەرکەوتن کۆتایی دێت و پێویستە گەل متمانەی تەواویان بە هێزەکانیان هەبێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP