هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەرکرد و تێیدا نرخی نوێکردنەوەی پاسپۆرتێک کە ساڵێک زیاتری مابێت بۆ بەسەرچوون، لە 200 هەزار دینارەوە بۆ 50 هەزار دینار کەم کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتییان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر لە ساڵی نوێدا، گۆڕانکاری لە ڕسووماتی جۆرێکی دیاریکراو لە مامەڵەی پاسپۆرتدا کراوە.
بەپێی بڕیارەکە، ئەگەر هاووڵاتییەک بیەوێت پاسپۆرتەکەی نوێ بکاتەوە لە کاتێکدا هێشتا ساڵێک زیاتری مابێت بۆ تەواوبوونی وادەی بەسەرچوونەکەی (Expire)، واتە لەسەر خواستی خۆی (حسب رغبة) بێت، ئەوا نرخەکەی لە 200 هەزار دینارەوە کراوەتە 50 هەزار دینار.
ئەم بڕیارە ئاسانکارییەکی دارایی بەرچاوە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی گەشتکردن یان هەر هۆکارێکی دیکە دەیانەوێت پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە پێش ئەوەی وادەکەی بە تەواوی نزیک ببێتەوە لە بەسەرچوون.