هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازیی لە عیرفان سدیق، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد و چەند دۆسیەیەکی گرنگی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دۆخی گشتیی عێراق و ئەو هەوڵانەی ئێستا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ لە ئارادان. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی کردەوە کە سەقامگیری بۆ وڵات بگەڕێنێتەوە.
بەشێکی تری گفتوگۆکان تەرخانکرا بۆ دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە پێویستە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا لە هەر ڕێککەوتنێکدا پارێزراو بن.
باڵوێزی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئەمنی و سیاسییەکان لە ناوچەکەدا.