نووسینی: مایک پۆمپیۆ، ڕاوێژکاری باڵا بۆ کاروباری جیهانی - وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا
"ئەگەر باوەڕت وایە ئایەتوڵڵا بەمە ڕازی دەبێت، ئەوا منیش پردێک لە بڕۆکلینم هەیە بیفرۆشم بە تۆ (واتە زۆر ساویلکەیت)."
بۆ هەر کەسێک کە چاودێری سیناریۆی دانوستانە ئەگەرییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران دەکات، ئەستەمە تووشی هەستی "دیجا ڤوو" (دووبارەبوونەوەی مێژوو) نەبێت. لە گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکان لە دوا خولەکدا بۆ دوورخستنەوەی نوێنەرانی هەرێمەکە و داواکاری بۆ گۆڕینی تەواوەتی مەودای دانوستانەکان؛ ئێرانییەکان خەریکی هەمان ئەو فێڵ و تەڵەکانەن کە پێش پەسەندکردنی کارەساتبارانەی "پلانی گشتگیری هاوبەش" (JCPOA) لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامیان دەدا. ئەگەر هەموو ئەمانە بەس نەبێت، ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی کردووە و بەلەمی جەنگی ناردووە بۆ ڕێگریکردن لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری هەڵگری ئاڵای ئەمریکا.
ئەمانە هەمان تەکتیکە کۆنەکانی کۆماری ئیسلامین، بەڵام دۆخەکە زۆر جیاوازە لەوەی دەیەیەک لەمەوبەر هەبوو. شکستی ئێران لە شەڕە حەوت بەرەییە بەوەکالەتەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل، توانای ئەوانی بۆ نمایشکردنی هێز وێران کردووە، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و فەرماندەیی باڵای ئەو وڵاتە دەریخست کە کۆماری ئیسلامی تەنها "شێرێکی کاغەزین"ـە. لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەهۆی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو" (Operation Midnight Hammer) گورزێکی گەورەی لە ستراتیژی سەرەکی مانەوەی ڕژێمەکە دا. لە ناوخۆشدا، وڵاتەکە لە دۆخێکی تەواو شێواودایە؛ دراوەکەی بێ بەهایە، کارەساتی ئابووری بەرۆکی گرتووە و ڕاپەڕینێکی جەماوەری هەیە کە تەنها بە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی سەرکوت دەکرێت.
بە کورتی، ئەم ڕژێمە - کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ـەوە دوژمنی سەرسەختی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە - هەرگیز هێندەی ئێستا لاواز نەبووە. کەواتە بۆچی ئێمە دەبێت ئەوەندە بە پەرۆش بین بۆ ڕێککەوتن؟
تێگەیشتن لەوەی بۆچی ئایەتوڵڵا بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ رزگاربوون ئاسانە، بەتایبەت دوای هەڕەشەکانی سەرۆک ترەمپ بە گرتنەبەری ڕێوشوێن ئەگەر ڕژێم دەست بە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران بکات - کە ئێستا بە دەیان هەزار کەسی لێ دەکەن. دانوستانەکان کات بۆ ڕژێم دەكڕن و دەرفەتیان دەداتێ بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئەمریکا بەو هیواوەی کە ئێمە پاشەکشە بکەین.
تەنانەت لەم دۆخە لاوازەشدا، ئەوان گرەو لەسەر ئەوە دەکەن مادام لە ڕابردوودا توانیویانە ڕۆژئاوا بخەڵەتێنن، لەوانەیە بتوانن جارێکی دیکەش ئەوە بکەنەوە. ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت، دەزانین چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت: ڕژێم بە درۆ و فێڵ خۆی لە هەر بەڵێنێک دەدزێتەوە و وزەی خۆی بۆ بنیاتنانەوەی بنکەی دەسەڵاتی لە ناوخۆ و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازی و ئەتۆمییە زیانلێکەوتووەکەی تەرخان دەکات.
لە مێژووماندا، زۆرجار حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناچار بووە مامەڵە لەگەڵ حکومەتانێک بکات کە بە قێزەونیان دەزانین، بەڵام هاوکارییان پێویست بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان. بەشێک لە کارامەیی سیاسەتمەدار ئەوەیە دیاری بکات کەی و ئایا ئەم ڕێککەوتنانە بەڕاستی لە بەرژەوەندی ئەمریکادان، و بتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان هاوبەشییەکی کاتی لەگەڵ ڕژێمێکی نەخوازراو و سازشکردن بۆ دوژمنێکی ئەمریکا.
کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەمریکا بە ڕوونی خستووەتەڕوو: ئەوان دەیانەوێت ئێمە لەناو ببەن. نزیکەی ٥٠ ساڵە لە نوێژەکانی هەینی ئەم دروشمە دەڵێنەوە و بە کردەوەش پاڵپشتیان کردووە لە ڕێگەی کوشتنی سەربازانی ئەمریکی، بە پارەدارکردنی دەیان ساڵەی تیرۆری جیهانی و هاوبەشیکردن لەگەڵ نەیارانی دیکە بۆ لاوازکردنی بەرژەوەندییەکانمان لە هەر کوێیەک بۆیان بلوێت.
لایەنگرانی دانوستان ڕەنگە بڵێن ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران. کەس شەڕی ناوێت، بەڵام ئێمە سەلماندوومانە کە ئامادەین هێز بەکاربهێنین کاتێک پێویست بێت، ئەمەش دەستێکی باڵامان پێ دەبەخشێت. ئەمە ڕاستە. بەڵام تەنها دەرەنجامێک کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە بەهادار بێت - واتە ئەنجامێک کە بەرژەوەندییەکانمان بپارێزێت - ئەوەیە کە ڕژێمەکە بە شێوەیەکی پشتڕاستکراوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت، بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی لەناو ببات و دەست لە پاڵپشتیکردنی تیرۆری جیهانی هەڵبگرێت.
ئەگەر باوەڕت وایە ئایەتوڵڵا و دەستوپەیوەندەکانی بەمە ڕازی دەبن، ئەوا منیش پردێک لە بڕۆکلینم هەیە بیفرۆشم بە تۆ (واتە خەیاڵ پڵاویت). گرتنەبەری هەنگاوی راستەقینە و پشتڕاستکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پایەکانی دەسەڵاتیان لەسەر داوای "شەیتانی گەورە"، وەک حوکمی لەسێدارەدان وایە بۆ ئەم ڕژێمە دەمارگیرە.
وەک مەسیحییەک، نزا بۆ گۆڕان دەکەم؛ بەڵام وەک واقیعبینێک، دەبێت دان بەوەدا بنێم کە هیچ ڕێککەوتنێکی گونجاو لە نێوان حکومەتی ئێستای ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نییە کە بتوانێت شتێک زیاتر لە "تەوقی ڕزگاربوونی دیپلۆماسی" بدات بە ڕژێمەکە.
سەرۆک ترەمپ لەبەر هۆکارێکی سادە لە ڕێککەوتنی JCPOA کشایەوە: ڕێککەوتنەکە نەیتوانی سەلامەتی گەلی ئەمریکا لەو مەترسییە بپارێزێت کە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دروستیان کردبوو. ئێمە ئەوەمان بە هەڵمەتێکی "زۆرترین فشار" پشتیوانی کرد کە کۆتایی هێنا بە سیاسەتی سازشکردنی ساڵانی ئۆباما، کاتێک ملیارەها دۆلار ڕادەستی ڕژێمی ئێران دەکرا تا چۆنی بوێت بەکاری بهێنێت – سەروەتێک کە دەستبەجێ بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرجی کرد. ئێمە هەنگاوێکی گرنگمان نا بەرەو گێڕانەوەی هێزی ڕێگری (Redeterrence) بە بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران. و کاتێک سەرۆک ترەمپ ساڵی ڕابردوو گەڕایەوە دەسەڵات، سیاسەتە لاوازەکانی ئیدارەی بایدنی هەڵوەشاندەوە، فشاری سەر ڕژێمی زیاد کرد و پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە کرد لە ئەرکە ڕەواکەیدا بۆ لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییە نهێنییەکەی ئایەتوڵڵا.
ئەو یەکلاکردنەوەیە وایکرد کە سەرۆک ترەمپ بتوانێت شوێنی خۆی لە مێژوودا وەک ئەو سەرکردە ئەمریکییە تۆمار بکات کە ئەم ناوچە پڕ کێشەیەی بەرەو ئاشتی ئاراستە کرد. بەڵام بەبێ فشاری بەردەوام، ئەو ئاسۆیە بە ئاسانی لەدەست دەچێت. سەرۆک دەبێت متمانەی بە هەستی سەرەتایی خۆی هەبێت بۆ سەپاندنی سزای ڕاستەقینە بەسەر ئەم دیکتاتۆرییەتە خوێناوییەدا و لە تەنیشت گەلی ئێران بوەستێت.
کاتێک ئیدارەی ئۆباما هەوڵی دەدا کۆنگرێس ناچار بکات پشتیوانی لە JCPOA بکات، حەزیان دەکرد کێشەکە وەک بژاردەیەکی دوو جەمسەری نیشان بدەن: یان ڕێککەوتنێکی ناتەواو یان جەنگی ڕاستەوخۆ. ئەمڕۆش، هەمان تەکتیک لەلایەن ئەوانەوە بەکاردێت کە هەستیارییان (حەساسییەت) هەیە بەرامبەر بەکارهێنانی هێزی ئەمریکا یان هاوسۆزن لەگەڵ ئامانجەکانی ڕژێمی ئێران. ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەڵوەشانەوەی ڕژێمی ئێران مەترسی نییە - بەڵێ مەترسی هەیە. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە دۆخی ئێستا قابیلی بەردەوامبوون نییە، و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەوێش هەرگیز پارێزراو نابن تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی فڕێ دەدرێتە زبڵدانی مێژووەوە.