دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستپێکی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی تاران و واشنتن لە مەسقەت

هەرێم نیوز

بەپێی زانیارییەکان، خولی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکرد، کە تێیدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرکردایەتی شاندەکان دەکەن.

ئەمجارە دۆسێی گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک تەوەرێکی سەرەکی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا جێگیر کراوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر و کەمکردنەوەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە واشنتن سوورە لەسەر بەستنەوەی سێ دۆسێی سەرەکی پێکەوە کە بریتین لە: پڕۆژەی ئەتۆمی، بەرنامەی موشەکی و چالاکییەکانی گروپە پرۆکسییەکان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ئاسایشی ناوچەکە دەبنەوە.

شاندی ئەمریکی ئامانجیەتی بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکان لە لوبنان، عێراق و یەمەن، لە کاتێکدا تاران ئەو گروپانە وەک هێڵی یەکەمی بەرگری خۆی دەبینێت و نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو کارتە گوشارە بێت کە بەرامبەر واشنتن و ئیسرائیل بەکاریان دەهێنێت.

ئەم دیپلۆماتە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئیدارەی ترەمپ ئامادەیی نیشانداوە بۆ سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، بە مەرجێک تاران جددی بێت لە چوونە ناو سیستمێکی نێودەوڵەتی ئاشتیانە کە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەرۆک ترەمپ.

چاودێران پێیان وایە کە نوێنەری ئەمریکا پێش کۆبوونەوەکە هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و نەتانیاهۆ سێ مەرجی سەرەکی (ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی موشەکە باڵستیکەکان و کۆتاییهێنان بە پڕچەککردنی گروپەکان)ی وەک بنەمای دانوستانەکان دیاری کردووە.

هەرچەندە تاران لە سەرەتادا ڕەتیکردبووەوە باس لە دۆسێی گروپە چەکدارەکان بکات، بەڵام بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکە نیشانەی ئەوەیە کە ناچار بووە بچێتە ژێر باری گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانە، چونکە تاران ئێستا لە بارودۆخێکی لاوازی ئابوری و سیاسیدایە و توانای مانۆڕی کەمی ماوە.

جاران گروپە میلیشیاکان بۆ ئێران (کارتی براوە) بوون لە دانوستانەکاندا، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە و واشنتن دەیەوێت ئەو کارتە لە دەستی تاران دەربهێنێت.

ترەمپ درکی بەوە کردووە ئێران لە خراپترین دۆخی خۆیدایە؛ نەک هەر لە ڕووی ئابورییەوە، بەڵکو بەهۆی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و "ژمارەیەکی زۆری کوژراوان" لە خۆپیشاندانەکاندا، کە ئەمەش وای کردووە دەسەڵاتی تاران لەسەر مێزی دانوستان لاواز بێت.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەروو ٦٠٪ ڕادەست بکات، بەڵام ئەمریکا پێی وایە ئەمە ئێستا بەس نییە و دەبوو پێشتر ئەم پێشنیارە بکرایە.

لە کۆتاییدا، لێکۆڵەران ئاماژە بەوە دەدەن کە جیاوازی ئەمجارەی دانوستانەکان لەوەدایە کە واشنتن تەنیا بە دەستبەرداربوونی ئێران لە بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ڕازی نابێت، بەڵکو دەیەوێت "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ ترەمپ تۆمار بکات کە هەموو ڕەهەندە سەربازی و ناوچەییەکانی ئێرانی تێدا بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP