دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەموو شتێک دەربارەی (ئی-پسوولە) بزانە، ئەو پلاتفۆرمەی ژیانی هاووڵاتییان ئاسان دەکات

هەرێم نیوز

لە هەنگاوێکی مێژوویدا بۆ دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پلاتفۆرمی "e-Psûle" بە فەرمی ڕاگەیەندرا. ئەم پلاتفۆرمە کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراوە، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە کۆکردنەوەی داهات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان.

 پلاتفۆرمی (ئی-پسوولە) چییە؟

سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتووە کە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە پسوولە حکومییەکان بدەن. پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا بە پسوولەی کارەبا دەست پێدەکات و دواتر سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تر دەگرێتەوە.
 گرنگترین تایبەتمەندییەکانی "e-Psûle":
• خزمەتگوزاریی ٢٤ کاتژمێری: لە هەر کات و شوێنێکبیت دەتوانیت پارەی پسوولەکانت بدەیت بەبێ سەردانی فەرمانگە و نۆرەگرتن.
• بێبەرامبەر (بێ عمولە): هاووڵاتی هیچ تێچوویەکی زیادە لە ئەستۆ ناگرێت لە کاتی پارەدان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە.
• کۆنترۆڵی تەواو: هیچ بڕە پارەیەک بەبێ ڕەزامەندیی هاووڵاتی لە هەژماری بانکی یان مووچە نابڕدرێت؛ هاووڵاتی خۆی بڕیاردەرە کەی و چۆن پارەکە بدات.
• شەفافییەتی دارایی: سیستەمەکە بە وردی "قەرزی کۆن" و "پسوولەی نوێ" لەیەک جیادەکاتەوە تا هاووڵاتی بزانێت پارەی چی دەدات.

 چۆن دەتوانیت پارە بدەیت؟
حکومەتی هەرێم فرەیی کەناڵەکانی پارەدانی ڕەچاو کردووە، هاووڵاتی دەتوانێت لەم ڕێگەیانەوە سوودمەند بێت:
1. ئەپڵیکەیشنی فەرمیی (e-Psûle).
2. جزدانە ئەلیکترۆنییەکان: (FastPay, AsiaPay, NassWallet).
3. بانکە دیجیتاڵییەکان: (FIB, Cihan Bank).

 ئامانجی ستراتیژیی پڕۆژەکە:
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە کۆتاییهێنانە بە دەیان ساڵ کارکردن بە سیستەمی کۆنی کاغەزی و کاش، و ئامانج لێی چەسپاندنی شەفافییەت و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی شایستەیە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP