دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

حەماس لە ناو تونێلەکانەوە "هێڵی سوور" بۆ کورد دەکێشێت؛ مەشعەل هێرش دەکاتە سەر مافە نەتەوەییەکان

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا بزووتنەوەی حەماس لە ناوخۆی غەزەدا ڕووبەڕووی سەخترین قۆناغی مێژووی خۆی دەبێتەوە و لە ئیدارەی داهاتووی شارەکەدا پێگەی نامێنێت، سەرۆکی بزووتنەوەکە لە دەرەوە بێدەنگی دەشکێنێت و ئەمجارە نەک دژی ئیسرائیل، بەڵکو دژی مافە نەتەوەییەکانی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریا پەیام دەنێرێت.

خالید مەشعەل، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە، لە کۆڕبەندی (جەزیرە) لە دەوحە، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ هەر پڕۆژەیەکی فیدراڵی یان نەتەوەیی کورد لە سووریا دەربڕی. ئەو بە ناوی "پاراستنی سووریای عەرەبی"، پرسی مافی پێکهاتەکانی وەک (کورد، دروز و عەلەوی) بە پڕۆژەی ئیسرائیل ناوزەند کرد.

مەشعەل بە دەنگێکی بەرز ڕایگەیاند: "هەر جۆرە هەوڵێک بۆ دابەشکردنی سووریای عەرەبی، بەزاندنی هێڵی سووری ئێمەیە." چاودێران ئەم لێدوانە بە بەردەوامیی ئەو عەقڵییەتە ئیسلامییە سیاسییە دەبینن کە لە مێژوودا هەمیشە مافی نەتەوەیی کوردیان وەک مەترسی بۆ سەر "یەکێتی ئیسلامی یان عەرەبی" بینیوە.

لە هەوڵێکی دووبارەدا بۆ شێواندنی ناسنامەی خەباتی گەلی کورد، مەشعەل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل دەوڵەتی سووریای ناوێت و دەیەوێت لە ڕێگەی کورد و پێکهاتەکانی ترەوە ئەو وڵاتە پارچە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە کورد لە سووریا قورسترین جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشی کردووە کە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە حەماسەوە نزیک بوون.

ئەم لێدوانانەی مەشعەل لە کاتێکدایە کە حەماس خۆی لە ناو تونێلەکانی غەزەدا گیری خواردووە و پێگەی سیاسی بەرەو نەمان دەچێت، کەچی هێشتا دەیەوێت وەک "پارێزەری سنوورەکان"ی سووریا دەربکەوێت و ڕێگری لە هەر پڕۆژەیەکی دیموکراسی و نەتەوەیی بکات کە مافی کورد و پێکهاتەکانی تری تێدا پارێزراو بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP