هەرێم نیوز
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە پاشەکشەی نوری مالیکی دەکەن لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، وتەبێژی هاوپەیمانییەکەش دەڵێت: "مالیکی بە هاتوهەرای میدیایی ناشڵەژێت و چاوەڕوانی گەڕانەوەی باڵیۆزی عێراقین لە واشنتن بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی ئەمریکا."
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ٢ی ٢٠٢٦، عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: مەحاڵە نوری مالیکی لە کاندیدبوون پاشەکشە بکات، چونکە نایەوێت لەبەردەم جەماوەرەکەیدا شەرمەزار بێت. وتیشی: "ئەگەر لایەنێک لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر فشاری دەرەکیدا داوای کشانەوەی مالیکی بکات، ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام تا ئێستا چوارچێوەکە پابەندە بەو کاندیدەوە."
سەبارەت بە دەنگۆکانی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر عێراقدا، فەتلاوی ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ لیستێکی سزا بوونی نییە و ڕایگەیاند: "باڵیۆزی عێراق لە واشنتن ئەمڕۆ یان سبەی دەگەڕێتەوە و ئەگەر هەر پەیامێکی فەرمی لە لایەن ئەمریکاوە هەبێت، بۆ سەرکردە سیاسییەکان و حکومەت ڕوون دەبێتەوە."
فەتلاوی هۆکاری ئامادەنەبوونی مالیکی لە کۆبوونەوەکانی ڕابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ "هۆکاری شەخسی" گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە دۆخی ناو ماڵی شیعە ئارامە و مالیکی کەسێک نییە بەو فشارە میدیاییانە بڕیارەکانی بگۆڕێت.