دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مالیکی کۆدەبنەوە

هەرێم نیوز

ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە لەسەر کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران گەیشتووەتە لوتکە و بەهۆی "هەڕەشەکانی ئەمەریکا"وە، ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مالیکی و دیاریكردنی شوێنگرەوەیەکی نوێ کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ی 2ی 2026، فەهد جبووری، سەرکردە لە ڕەوتی "حیکمەی نیشتمانی" ڕایگەیاند کە بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام بدات و پێشبینی دەکرێت بگەنە ڕێگەچارەیەک بۆ کاندیدکردنی کەسایەتییەکی دیکە لەبری نوری مالیکی، چونکە جگە لە ڕەوتی حیکمە، هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی "سادیقوون" و "خەدەمات"یش هەمان هەڵوێستیان هەیە و پشتیوانی لە دانانەوەی مالیکی ناکەن.

هاوکات عەقیل ردێنی، وتەبێژی هاوپەیمانیی "نەسر"ی حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمشەو پێداچوونەوە بە کاندیدکردنی مالیکیدا دەکرێت، چونکە ئەوان تەنها لە دۆخێکدا پشتیوانیی لێ دەکەن کە مانەوەی نەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و دۆخی عێراق، بەڵام لە بەرامبەردا سەڵاح بوشی لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕەتیدەکاتەوە مالیکی دوورخرابێتەوە و جەخت دەکاتەوە کە زۆرینەی چوارچێوەکە هێشتا لەگەڵ مانەوەی ئەودان.

ئەم مشتومڕە توندەی نێو ماڵی شیعە هاوکاتە لەگەڵ پەیامێکی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە تێیدا بە ڕوونی دژایەتیی خۆی بۆ کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی نیشان داوە و هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکان و سەپاندنی سزای ئابووریی بەسەر عێراقدا کردووە ئەگەر ناوبراو ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP