دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

حەلبوسی پۆستی سوپاسالار لە کورد وەردەگرێتەوە؛ پارتی هۆشداری دەدات و ئەمریکاش نیگەرانە

هەرێم نیوز

لە هەنگاوێکی کتوپڕ و گوماناویدا، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق پۆستی سوپاسالاری وڵاتی وەک پلەیەکی بەردەوام بۆ عەبدولئەمیر یارەڵا جێگیر کرد، ئەمەش وەک "پێشێلکارییەکی دەستووری" بەرامبەر پشکی کورد لێکدەدرێتەوە و کاردانەوەی توندی پارتی دیموکراتی کوردستان و نیگەرانیی واشنتنی لێکەوتووەتەوە.

دوێنێ سێشەممە، گرووپەکەی حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق بڕگەی دەنگدان بە پلە تایبەتەکانیان بۆ بەرنامەی کار زیاد کرد و عەبدولئەمیر یارەڵایان بە سوپاسالاری عێراق هەڵبژارد، لە کاتێکدا ئەو پۆستە مافێکی دەستووریی پێکهاتەی کوردە. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم هەنگاوەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا" ناو برد و ڕایگەیاند کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بردووە.

لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی پارتی، ئەوەی جێی تێبینییە بێدەنگیی هێزە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لە بەغدا، کە بەشێکیان بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە ئامادە نەبوون بەرگری لەو پۆستە نیشتمانییە بکەن، سەرەڕای ئەوەی پۆستەکە لە ڕووی ئەمنییەوە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بایەخێکی ستراتیژیی هەیە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کەناڵی (وەن نیوز) لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە: "واشنتن بە توندی نیگەرانە لە شێوازی دەنگدان بە یارەڵا و سەپاندنی هەژموونی میلیشیاکان بەسەر بڕیارەکانی پەرلەمان و سوپای عێراقدا." ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کردووە کە ئەمریکا بە ئاستی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی لەگەڵ عێراقدا دەچێتەوە، چونکە بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە دامەزراوە سەربازییەکاندا قبووڵ ناکات.

سەرهەد حەسەن، پسپۆڕی جیۆسیاسی، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: جێی داخە کە هەندێک لیستی کوردی لە بەغدا وەک هاوپەیمانی ئەو لایەنانە کار دەکەن کە پلان دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێم دادەنێن، تەنانەت هەندێک لیستی عەرەبی وەک هاوپەیمانی "عەزم" هەڵوێستیان لەو هێزە کوردییانە توندتر بووە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییەی گرووپەکەی حەلبوسی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP