هەرێم نیوز
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد (AI) کە تێیدا سووکایەتی بە پێگەی محەمەد مەهدی جەواهیری، شاعیری گەورەی عێراق دەکرێت، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕاسپاردەی بەپەلە بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی دەردەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ٢ی ٢٠٢٦، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕیکلامەی کە تێیدا تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەکارهێنراوە بۆ وێناکردنی جەواهیری وەک "چایچی" یان خزمەتکارێک کە چا بۆ سەرۆک وەزیران دادەنێت.
ئەم ڤیدیۆیە کە وەک ڕیکلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، نیگەرانییەکی زۆری لە ناوەندە ڕۆشنبیری و جەماوەرییەکاندا دروست کردووە، چونکە جەواهیری بە "سێیەمین ڕووباری عێراق" و یەکێک لە گەورەترین سیمبوولە ئەدەبییەکانی وڵات دادەنرێت.
محەمەد مەهدی جەواهیری (١٨٩٩-١٩٩٧) تەنها لای عەرەب سیمبوول نەبووە، بەڵکو لای کوردیش خاوەن ڕێزێکی بێپایانە. ئەو شاعیرە بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و هاوسۆزیی بۆ دۆزی کورد ناسرابوو، بەردەوام کڵاوێکی لەسەر دەنا کە ناوی "کوردستان"ی لەسەر نووسرابوو و لە چەندین شاری هەرێمی کوردستانیش پەیکەری بۆ دروستکراوە.