دواین هەواڵ

عێراق‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دەرەوە: پەیامەکەی ئەمەریکا هۆشداریی سزای تێدایە؛ "کێشەکە کاندیدکردنی مالیکییە"

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی لێدوانەکانی فوئاد حوسێن بڵاو دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە پەیامەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە پێداگری لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی، هۆشداریی ئاشکرای بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هەندێک کەس و دامەزراوەدا تێدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی 2ی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چاوپێکەوتنەکەی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لەگەڵ کەناڵی (شەرقییە)، هەندێک لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کراوە، بەتایبەتی سەبارەت بە بوونی هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا.

وەزارەتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو پەیامە زارەکییەی لە واشنتنەوە پێیان گەیشتووە سەبارەت بە پێداگریی گەورەترین کوتلە لەسەر کاندیدی ئێستایان (نوری مالیکی)، دوو خاڵی سەرەکیی لەخۆگرتبوو؛ یەکەمیان ئاماژەیەکی ڕوون بووە بۆ ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر هەندێک کەس و دامەزراوەدا، دووەمیشیان پێوەری کارکردن بووە لەگەڵ حکومەتی داهاتوو.

وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزیر لە چاوپێکەوتنەکەیدا تەنها باسی لە خاڵی دووەم کردووە و باسی سزاکانی نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی سەرلێشێواوی لە میدیاکاندا.

فوئاد حوسێن ئاشکرای کردبوو کە لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی، لەڕێگەی باڵیۆزی عێراق لە واشنتن پەیامەکانی ئەمەریکایان وەرگرتووە، کە داواکارییەکان بریتین لە ڕێکخستنەوەی بانکی ناوەندی، تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی بە وەزارەتی بەرگری و چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی کردووەتەوە نوری مالیکی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەند بکات، بەڵام هێشتا بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی سوورن لەسەر کاندیدکردنی ناوبراو بۆ ئەو پۆستە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP