دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی
"کاتێک گەنج ڕابەرایەتی کوردستان دەکات، کوردستانێکی گەنج جار لە دوای جار دروست دەکەنەوە".

قاسم محسن شەفیق ئەلخوزەعلی
وەرگێڕانى: هەرێم نیوز
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی تەنها ناوێکی راگوزەر و ئاسایی نییە لە شەقامی گشتیی کوردستاندا، بەڵکو حاڵەتێکە کە تێیدا سیاسەت لەگەڵ کۆمەڵگە، کاری خێرخوازی لەگەڵ دیدگای گەنجانە، و میراتی خێزانی لەگەڵ هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ڕێڕەوێکی سەربەخۆ لەو کەسایەتییەدا کۆدەبنەوە. ئامادەیی ئەو لە فەزایەکدا شکڵدەگرێت کە جیاوازە لە چوارچێوەی پۆستە فەرمییەکان؛ فەزایەک کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەمەکانی گەنجان تێکەڵ دەبێت و مامەڵە لەگەڵ بێکاریی و کۆچ و بێهیوایی دەکات وەک ئاڵنگارییەک کە دەکرێت بگۆڕدرێن بۆ پڕۆژەی کاری ڕاستەقینە.

کاتێک بەدوای کاروانەکەیدا دەچین، دەبینین خاڵی بنەڕەتیی جێگیر لە چالاکییەکانیدا گوتاری سیاسی نییە بەڵکو "دامەزراوە"یە، ئەو سەرپەرشتی دەزگا و ڕێکخراوی "ڕوانگە" دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە هەولێرى پایتەخت دامەزراوە، وەک دەستپێشخەرییەکی مەدەنی کار بۆ گەنجان دەکات لە عێراق و کوردستان. ئەم دامەزراوەیە لەسەر بیرۆکەی بەخشینی کاتیی بنیات نەنراوە، بەڵکو لەسەر چەمکێکی گشتگیر بۆ کاری مرۆیی و گەشەپێدانی مرۆیی دامەزراوە؛ لە نێوان فریاگوزاری لە کاتی قەیرانەکان و بەهێزکردنی گەنجان لە ڕێگەی پەروەردە، مەشق و ڕاهێنان و دەرفەتە ئابوورییەکانەوە کۆدەبێتەوە.

ڕوانگە خۆی وەک دەزگایەکی خێرخوازی تەقلیدی نیشان نەداوە کە هاوکاری دابەش بکات و ئەرکەکەی لەوێدا کۆتایی بێت، بەڵکو هەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات لە رەگەوە، بەتایبەتی کێشەی بێکاریی کە فشار دەخاتە سەر نەوەیەکی تەواو. پڕۆژەیەکی ڕاگەیاند بۆ دابینکردنی زیاتر لە دووسەد هەزار دەرفەتی کار لە سەرتاسەری عێراقدا، پڕۆژەکە تەنها ڕاگەیاندنێکی ژمارەیی نەبوو، بەڵکو بنیاتنانی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی لەخۆگرتبوو بۆ بەستنەوەی گەڕانکارانی کار بە کۆمپانیاکان، و ڕێکخستنی خولی ڕاهێنان بۆ نووسینی سیڤی (CV) و ئامادەکردنی گەنجان بۆ پێداویستییەکانی بازاڕی کار. ئەم نزیکبوونەوەیە تێگەیشتنێکی قووڵ نیشان دەدات کە "کار" تەنها نابەخشرێت، بەڵکو ڕێگاکەی لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان و پێگەیاندنەوە دروست دەکرێت.

لە وڵاتێکدا کە ئاماژەکان باس لە بوونی نزیکەی ملیۆنێک گەنجی بێکار دەکەن، هەر پڕۆژەیەک کە ئەم ژمارەیە بکاتە ئامانج دەبێتە هەنگاوێکی خاوەن ڕەهەندی ستراتیژی. ئیدریس وەک دۆسیەیەکی پاراستنی کەرامەت مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کرد پێش ئەوەی دۆسیەیەکی ئابووری بێت، چونکە ئەو گەنجەی دەرفەتی کار دەدۆزێتەوە، شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەدا دەدۆزێتەوە و ئەگەری پاڵنانی بەرەو کۆچکردن یان داخراوی و دوورە پەرێزیی کەم دەبێتەوە. لێرەشەوە جەختکردنەوەی بەردەوامی ئەو دێت کە کەمکردنەوەی بێکاری بەرگریکردنە لە سەقامگیری کۆمەڵگە خۆی، چ لە عێراق بە گشتی و چ لە کوردستان بە تایبەتی.
ئەویش وەک باوکی(نێچیرڤان بارزانی) ڕەسەنایەتی عێراقیی و کوردایەتییەکەی کۆدەکاتەوە کە شانازی پێوە دەکات، هەروەک چۆن شانازی بە عێراقى بوونەکەیەوە دەکات.

ڕۆڵی مرۆیی دامەزراوەکە بە ڕوونی دەرکەوت دوای هێرشەکانی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر شارەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤، بەشداری کرد لە دابەشکردنی هاوکاری خۆراک بەسەر هەزاران خێزانی ڕزگاربوو لە مووسڵ، پاڵپشتی پێشکەش بە ئاوارەکانی کەمپی دیبەگە کرد لە هەولێر و ئاوی خواردنەوەی بۆ ئەو خێزانانە دابین کرد کە ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. ئەم ئامادەییە مەیدانییە وێنەی دامەزراوەکەی وەک کارەکتەرێکی ڕاستەقینە بەهێزکرد کە تەنها بە بەیاننامە ناوەستێت، و وێنەی ئیدریسی وەک کەسێک چەسپاند کە ناوی خۆی بە "کردار"ەوە دەبەستێتەوە نەک بە "لێدوان".

لەپاڵ فریاگوزاریدا (ڕوانگە) جەختی لەسەر کولتوور و هونەر کردەوە وەک بەشێک لە بنیاتنانی مرۆڤ؛ پێشبڕکێی لە بوارەکانی وێنەگریی، شێوەکاریی، کورتە چیرۆک ، فیلم و نووسین ڕێکخستووە، ڕێزی لە گەنجانی داهێنەرگرتووە کە ژمارەی براوەکان لە یەکێک لە چالاکییەکاندا گەیشتە هەژدە کەس. ئامادەیی ئیدریس لەم چالاکییانەدا تەنها شکڵی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی هەڵگرتبوو کە پشتگیریکردنی بەهرە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە پشتگیریکردنی نان و ئاو.

دامەزراوەکە بەرەو دەرەوەش کرایەوە و پەیوەندی هاوکاری لەگەڵ حکومەتە ئەوروپییەکانی وەک نەرویج، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و کەنەدا دروست کرد، و هاوبەشیی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکانی وەک مانگی سووری ئیماراتی و یونسێف و ئەوانی تر ئەنجامدا. ئەم ڕەهەندە نێودەوڵەتییە بۆ نمایش نەبوو، بەڵکو بۆ فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزارییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان بوو، هەروەها بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی جیهانی لەبەردەم گەنجی کورد تا هەست بکات بەشێکە لە تۆڕێکی مرۆیی فراوانتر.

بەشداریی ڕوانگە لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی وەک فیستیڤاڵی ساڵانەی یەکێتی جیهانی گەنجان لە دبلن، ڕەنگدانەوەی خولیایەک بوو بۆ نیشاندانی وێنەیەکی جیاواز لە کوردستان؛ وێنەی کۆمەڵگەیەکی گەنج کە هەوڵی گفتوگۆ و هاوکاری دەدات، نەک تەنها گۆڕەپانێکی ململانێی سیاسیی. ئەم گۆڕانکارییە لە وێنەکەدا کاریگەرییەکی دوور مەودای دەبێت لەسەر پێگەی هەرێم لە جیهاندا و لەسەر متمانەبەخۆبوونی گەنجەکانی.

ئەگەر بچینە سەر ڕەهەندە کەسییەکە، دەبینین ئیدریس وەک باوکی دەجوڵێتەوە کە بە جەختکردنەوەی لەسەر سەقامگیری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناسراوە. ئەم کاریگەرییە لە میتۆدی کوڕەکەیدا بە ئاشکرا دیارە، نەک لە ڕووی دووبارەکردنەوەی هەڵوێستەکان، بەڵکو لە ڕووی بڕوابوون بە دامەزراوە و کاری ڕێکخراوەیی. خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە ئەزموونی نێچیرڤاندا دروشم نەبووە بەڵکو پراکتیکی ڕۆژانە بووە، ئیدریسیش ئەم ڕۆحەی گواستەوە بۆ فەزای گەنجان و کاری خۆبەخشی.

کەچی ئیدریس خۆی وەک درێژکراوەیەکی میراتیی سیاسی پێشکەش ناکات، بەڵکو هەوڵ دەدات شەرعییەتی خۆی لە ڕێگەی (متمانە، ڕاستگۆیی و کۆڵنەدانەوە )ەوە بنیات بنێت، کە ئەمانە ئەو بنەمایانەن لە وتارەکانیدا دووبارەیان دەکاتەوە و لە ڕێگەی بەردەوامیی پڕۆژەکانەوە وەریاندەگێڕێتە سەر کردار. ئەو دامەزراوەیەی زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە و تادێت چالاکییەکانی فراوان دەکات، ناکرێت وەک ئەزموونێکی تێپەڕ سەیر بکرێت، بەڵکو پڕۆژەیەکی دوورمەودا و دیدگایەکی تەواوکارییە.

لە خوێندنەوەیەکی بنکۆڵکاریدا، دەکرێت بڵێین ئیدریس درک بەوە دەکات کە نەوەی نوێ بە گوتارە گەورەکان قایل نابێت، بەڵکو داوای ئەنجامی بەرجەستە دەکات. بۆیە جەختی لەسەر ژمارە و بەرنامەکان کردەوە، لەسەر دەرفەتی کار و ڕاهێنان، لەسەر دابەشکردنی هاوکارییە بەدۆکۆمێنتکراوەکان، و لەسەر چالاکییە کولتوورییە دیاریکراوەکان. ئەم سروشتە پراکتیکییە متمانەی لای چینی گەنج بەهێز دەکات کە بەدوای مۆدێلێکدا دەگەڕێن کە لە واقیعەکەیانەوە نزیک بێت.

نزیکیی ئیدریس بارزانی لە گەنجانەوە لە سروشتی ئەو چالاکییانەدا دەردەکەوێت کە بەشدارییان تێدا دەکات؛ ئەو لە زانکۆکاندا ئامادەیە، لە وۆرکشۆپەکانی ڕاهێناندا، لە پلاتفۆرمەکانی گفتوگۆ دەربارەی تەکنەلۆژیا و کارسازیی (Entrepreneurship). بە زمانی داهاتوو دەدوێت نەک زمانی ڕابردوو، هانی داهێنان و کاری سەربەخۆ دەدات، و ئەو بیرۆکەیە دەخاتە ڕوو کە پشت بەستن بە وەزیفەی حکومی چیتر بەس نییە. ئەم پەیامانە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییانەدا دەگونجێن کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت و گەڕان بەدوای سەرچاوەی داهاتی جۆراوجۆر دەسەپێنن.

کاری خۆبەخشی لە فەلسەفەی ئەودا کارێکی لاوەکی نییە، بەڵکو کۆڵەکەیەکە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو. ئەو وای دەبینێت کە بەشداریکردنی گەنجان لە دەستپێشخەرییە خێرخوازییەکاندا هەستی بەرپرسیارێتییان بەهێز دەکات و ئەزموونی ڕێکخستنیان پێ دەبەخشێت، و تۆڕێک لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست دەکات کە ململانێ و دابەشبوونەکان کەم دەکاتەوە. لە کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنی وەک کوردستاندا، ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی لە سەقامگیریدا.

کاتێک کاروانەکەی لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا دەخوێنینەوە، دەبینین ئەو لە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ لایەندا دەجوڵێتەوە: 
1-(سیاسەت) لە ڕێگەی پاشخانی خێزانییەوە.
2- (کۆمەڵگە) لە ڕێگەی چالاکییە خێرخوازییەکانییەوە.
3-( گەنجان) لە ڕێگەی بەرنامە گەشەپێدەرەکانییەوە. 
ئەم بەیەکگەیشتنە فەزایەکی کاریگەریی پێ دەبەخشێت کە سنووری یەک دامەزراوە دەبەزێنێت، و دەیکاتە یەکێک لە ڕوخسارەکانی نەوەیەکی نوێ کە هەوڵ دەدات پێناسەی پەیوەندی نێوان "سەرکردایەتی" و "خزمەتگوزاری" بکاتەوە.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی مۆدێلی گەنجێک پێشکەش دەکات کە لە ناو جەرگەی دەسەڵاتدا گەورە بووە بەڵام خۆی هەڵیبژاردووە کە لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەدا جێگیر ببێت. ڕێکخراوێکی بنیات ناوە کە سنوورەکانی هەرێم دەبەزێنێت و لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق کار دەکات؛ لە ڕێگەی پڕۆژەی پراکتیکییەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی بێکاری و کۆچ بووەوە؛ کاری خێرخوازی بە بەهێزکردنەوە بەستەوە نەک بە پشتبەستن (ئیعتماد)، و پلاتفۆرمی داهێنان و گفتوگۆی بۆ گەنجان کردەوە. کاتێک نەوەی گەنج لە کوردستان ڕابەرایەتی دەکات، گەنجانی کوردستان جار لە دوای جار باشتر [کوردستان] دروستدەکەنەوە، لە ڕێگەی گۆڕینی وزە شاراوەکان بۆ کردارێکی ڕێکخراو و بەردەوام کە ساڵ لە دوای ساڵ کاریگەرییەکانی زیاتر کەڵەکە دەبن.

ئیدریس بارزانى لە دروستکردنی کوردستانێکی گەنج بە گەنجانی کوردستان، لە نێچیرڤان باوکی دەچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP