دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەزموونی ئێمە لەگەڵ کورددا

نووسینی: یاسین ئەکتای (ئەکادیمی و سیاسیی تورک)
وەرگێڕانی: هەرێم نیوز

لە تورکیادا، پرسیاری "ئایا دەکرێت موسڵمان ڕەگەزپەرست بێت؟" وەک گفتوگۆیەکی ئایینی و لاهووتی دەستی پێکردووە، ئەم پرسە زۆرجار فراوان دەبێت و دەبەسترێتەوە بە پرسی کوردەوە. چونکە سیاسەتی ناسنامە لە تورکیادا تەنها لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان چینایەتی بەڕێوە ناچێت، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی ئایینی و ئەخلاقیدایە؛ وا بڕیارە "ئایینداربوون" وەک گەرەنتییەکی ئەخلاقی دژی ڕەگەزپەرستی سەیر بکرێت، هەرکاتێکیش هەست بکرێت ئەم گەرەنتییە درزی تێکەوتووە، مشتومڕەکان گەرم دەبن.

لەم دواییانەدا، ئەم باسە جارێکی تر سەری هەڵدایەوە دوای لێدوانەکانی (حسێن چەلیک)، کە ساڵانێکی زۆر پۆستی باڵای لە ناو پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) هەبووە.  ئەو کە دەڵێت: "ڕەگەزپەرستیی موسڵمانان کارەساتە"، لە بنەڕەتدا جێگەی ناڕەزایی نییە، چونکە پرەنسیپەکانی ئیسلام بە ئاشکرا باڵادەستیی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە. هەڵوێستی پێغەمبەر (د.خ) کاتێک بە ئەبووزەری فەرموو (دوای ئەوەی سووکایەتی بە بیلال کردبوو): "تۆ پیاوێکیت هێشتا نەفامی (جاهیلیەت)ت تێدا ماوە"، بنەمایەکی ئەخلاقیی کلاسیکیی و ئاینییە بۆ ئەم بابەتە.

بەڵام جێگەی مشتومڕەکە لەم ناساندنەدا نەبوو، بەڵکو لەو ئیدیعایەدا بوو کە بەدوایدا هات کاتێک وتی: "کۆمەڵە وگرووپە ئیسلامییەکان و ناوەندە ئاییندارەکان بێدەنگ بوون بەرامبەر ئەوەی بەسەر کورددا هات."

ئەم ڕستەیە ڕەخنەیەکی کۆنی لە تورکیا زیندوو کردەوە کە دەڵێت: "ئاییندارەکان هەستیارن لە بەرانبەر ئازاری موسڵمانانی وڵاتانی تر، بەڵام هەمان هەستیارییان نییە بۆ ئازاری کورد لە وڵاتەکەی خۆیاندا." ئەم قسەیە نوێ نییە و لەلایەن هەندێک ناوەندی نەتەوەیی کوردییەوە وەک ڕاستییەکی ڕەها بڵاو دەکرێتەوە، بەمەش پرسەکە لە پێداچوونەوە بە پێشێلکارییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ حوکمێکی گشتی بەسەر بڕیار و ڕاستگۆیی ئاییندارەکاندا.

بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی دادپەروەری بەڕێوە بچێت، دەبێت دوو شت پێکەوە بکرێت:
ئینکارنەکردنی ئەو ستەم و پێشێلکارییانەی بەرامبەر کورد کراوە.لەگەڵ نەگۆڕینی ئەم ڕاستییە بۆ گشتاندنێکی وا کە هەموو ئاییندارەکان بخاتە خانەی "تەماشاکەر"ەوە.

لێدوانەکانی حسێن چەلیک ئاماژە بۆ چی دەکەن؟
ئەم لێدوانانە دوو کاریگەرییان هەیە:
یەکەم: شەرعیەتێکی فراوان وەردەگرن چونکە لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقیی بەهێز وەستاون (موسڵمان نابێت ڕەگەزپەرست بێت).
دووەم: بەڵام ئەو حوکمەی دەڵێت "کۆمەڵەکان بێدەنگ بوون"، فرەیی ناو کایە ئایینییەکە دەسڕێتەوە و دەبێتە هۆی "تۆمەتبارکردنی بەکۆمەڵ". ئەمەش خزمەت بە گوتاری نەتەوەپەرستی کوردی دەکات و مشتومڕەکە لە پێداچوونەوەی خودییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سیاسی بۆ سزادانی ئاییندارەکان.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە مامەڵەی ئاییندارەکان لەگەڵ پرسی کورد هەمیشە یەک هێڵ نەبووە، هەندێک گرووپ لەژێر کاریگەریی گوتاری نەتەوەیی دەوڵەتدا بوون، بەڵام لە بەرامبەردا لە نەوەدەکاندا، ناوەندە ئیسلامییە مافپەروەرەکان بە توندی باسیان لە چۆڵکردنی گوندەکان، کوشتنی بکەر نادیار، ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردن دەکرد و لەسەر ئەمەش ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبوونەوە. گۆڤارە ئیسلامییەکانی ئەو سەردەمە پڕن لە لێکۆڵینەوەی قووڵ لەسەر پرسی کورد. بۆیە، تۆمەتی "بێدەنگبوون" نادادپەروەرانەیە ئەگەر بکرێتە حوکمێکی گشتی.

جیاوازیی چەمکی ئیسلامی: دژایەتی ستەم و ڕەخنە لە نەتەوەپەرستی
تایبەتمەندیی دیدگای ئیسلامی لە پرسی کورددا لەوەدایە: ڕەتکردنەوەی ستەم و ئینکاریکردن بەرامبەر کورد، بەبێ ئەوەی "نەتەوەپەرستیی پێچەوانە" بکرێتە ڕێگەی ڕزگاری. هەر بۆیە ئیسلامییەکان لە دوو لاوە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت:
یەکەم: ناوەندە نەتەوەپەرستە تورکەکان بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە "لایەنگری کوردن".
دووەم: ناوەندە نەتەوەپەرستە کوردەکان بەوە تۆمەتباریان دەکەن کە هەڵوێستیان "کەمە".
بەڵام لە راستیدا پێوەری ئیسلامی ئەوە نییە ناسنامەی نەتەوەیی بکرێتە ئامرازی باڵادەستیی سیاسی، بەڵکو چەسپاندنی هاووڵاتیبوونی یەکسان و دادپەروەرییە.

ئەزموونی AKP: کاتێک دیدگای ئیسلامی بوو بە سیاسەتی دەوڵەت
کەس ناتوانێت ئینکاری بکات کە گەورەترین هەنگاوەکانی فراوانکردنی مافی کورد لە تورکیا لە سەردەمی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)دا بوو. ناسنامەی کوردی ئاشکرا کرا، ڕێگە بە زمان و پەخشی کوردی درا و "پڕۆسەی ئاشتی" دەستیپێکرد. ئامانجەکە ئەوە بوو کێشەکە لە چوارچێوەیەکی ئەمنیی تەسکەوە بگوێزرێتەوە بۆ مەیدانی سیاسی و دیالۆگی مەدەنی.
ئەمە دەیسەلمێنێت کە چارەسەری عەقڵانی لە چاکسازیی سیاسییەوە دێت نەک لە خەباتی چەکداریی. چەک نەک تەنها دەوڵەتی بەرەو توندوتیژیی زیاتر بردووە، بەڵکو وای کردووە کۆمەڵگەی کوردی وەک یەک پارچەی بێدەنگ نیشان بدرێت و فرەیی سیاسی تێیدا بکوژرێت.

ڕەهەندی سووری: بۆچی چارەسەری ئاییندارەکان بەردەوامترە؟
لە سووریا، دوای ٢٠١١کێشەی کورد بەهۆی سیاسەتەکانی بەعسەوە ئاڵۆزتر بووە ، ئەو قەوارەیەی لە باکووری ڕۆژهەڵات دروست بوو (هەسەدە و یەپەگە)، پشتی بە هێزی سەربازی و پاڵپشتیی دەرەکی بەست. بەڵام ئەم مۆدێلە مەترسیی ململانێی ئیقلیمی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی درێژخایەنی تێدایە، لە بەرامبەردا، دیدگای ئاییندارەکان لە سووریا پێشنیاری هاوکێشەیەکی سێ قۆڵی دەکات:
1-پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
2-چەسپاندنی هاووڵاتیبوونی یەکسان.
3-داننان بە مافە کولتوورییەکان و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و تێکەڵکردنەوەیان لە دەوڵەتدا.
ئەمە مافی کورد وەک ناسنامە دەپارێزێت بەڵام لە چوارچێوەی دەستوور و دەوڵەتدا، نەک وەک قەوارەیەکی جیاخواز کە ببێتە هۆی پارچەپارچەکردنی وڵات.

جەوهەری باسەکە: "ماف" یان "ڕق"؟
داننان بەو ستەمەی بەرامبەر کورد کراوە و داوای لێپرسینەوە، کارێکی پێویستە؛ بەڵام گۆڕینی ئەمە بۆ زمانێک کە هەموو "ئاییندارەکان" تۆمەتبار بکات، تەنها کێشەکە قووڵتر دەکات. ڕێگری لە ستەم ئەرکێکی ئیمانییە، بەڵام گۆڕینی ئەو ڕقەی لە ستەمەوە دروست بووە بۆ "بتێکی نەتەوەیی" نوێ، ئازادی بەرهەم ناهێنێت. ڕەگەزپەرستی بە ڕەگەزپەرستیی پێچەوانە چارەسەر ناکرێت، بەڵکو بە دادپەروەری چارەسەر دەبێت.

ئەنجام: وتەکەی حەزرەتی عەلی بۆ خەوارج: "قسەی هەقە و مەبەستی پێی باتڵە" وتنی ئەوەی "ڕەگەزپەرستیی موسڵمانان کارەساتە" ڕاستە، بەڵام گشتاندنی تۆمەت بۆ هەموو گرووپەکان دوو مەترسی هەیە:
1-تێنەگەیشتن لەو فرەییەی لەناو ڕەوتە ئیسلامییەکاندا هەیە.
2-پشتگوێخستنی ئەو ئەزموونانەی کە هەوڵیان داوە لەڕێگەی چاکسازییەوە مافەکان بگەڕێننەوە.

ئەزموونی تورکیا و سووریا دەیسەلمێنن کە سەقامگیریی هەمیشەیی بە چەک و سەپاندنی ئەمری واقع دروست نابێت، بەڵکو بە سیستمێکی سیاسی دروست دەبێت کە ڕێز لە هاووڵاتیبوونی یەکسان بگرێت و مافە کولتوورییەکان بپارێزێت. گرنتى ڕاستەقینە لەسەر ورووژاندنی ناسنامەکان نییە، بەڵکو لەسەر چەسپاندنی دادپەروەرییە وەک ئەو بنەمایەی هەموو ناکۆکییەکان دەتوێنێتەوە و ئاسۆیەکی هاوبەش دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP