دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

دوای کۆنگرەی میونشنی ٢٠٢٦: نێچیرڤان بارزانی دانوستانکاریی لەسەر ئاستی جیهان سەرلەنوێ داڕشتەوە

دوای کۆنگرەی میونشنی ٢٠٢٦:
نێچیرڤان بارزانی دانوستانکاریی لەسەر ئاستی جیهان سەرلەنوێ داڕشتەوە

د. هوشیار مۆزەفەر عەلی ئەمین
وەرگێڕانى: هەرێم نیوز
کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی ئاسایشی میونشنی ئەمساڵ(2026)، تەنها کۆتاییهاتنی ڕووداوێکی دیپلۆماسی ئاسایی نەبوو، هێندەی ئەوەی سەرەتای خوێندنەوەیەکی نوێ بوو بۆ پێگەی عێراق لە هاوکێشەکانی هێزی نێودەوڵەتیدا. 
کۆنگرەکە کە لە نێوەندی شڵەژان و ئاڵۆزیی هاوپەیمانییە ڕۆژئاواییەکاندا، پاشەکشەی متمانە لە نێوان هەردوو بەری زەریای ئەتڵەسی و گەرمبوونی جەنگە کراوەکاندا بەڕێوەچوو، دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ دەوڵەتە مامناوەندەکان ڕەخساند تا جارێکی دی پێناسەی خۆیان بکەنەوە. 
لەم چوارچێوەیەدا، ئامادەیی نێچیرڤان بارزانی وەک هەوڵێکی هۆشیارانە دەرکەوت بۆ دووبارە ناساندنەوەی دانوستانکاری عێراقی کە توانای بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی هەیە، نەک تێوەگلان تێیاندا. ئەو لە ماوەی ڕۆژانی کۆنگرەکەدا لەناو ڕیتمێکی سیاسیی حسابکراودا جووڵایەوە کە وایکرد عێراق وەک لایەنێک دەربکەوێت کە لە یاسا نوێیەکانی یارییە نێودەوڵەتییەکان تێدەگات، کە زیاتر لەسەر بنەمای نەرمیوانواندن (مرونة) دامەزراوە نەک جەمسەرگیریی؛ هەر بۆیە لەگەڵ هەر لایەنێک کۆبووەوە، وەک عێراقییەک و بەڕێوەبەری قەیران و ململانێکان لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە مامەڵەی لەگەڵ کردن.

گۆڕانکاری لە وێنەی دانوستانکاری عێراقیدا کتوپڕ نەبووە، بەڵکو ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموونێکی درێژخایەن بوو کە لە قۆناغی دوای جەنگی دژی داعشەوە دەستی پێکرد، کاتێک بڕیارەبەدەستانی عێراقی درکیان بەوە کرد کە سەقامگیری ناوخۆیی تەنها بە ئامرازە سەربازییەکان ناپارێزرێت، بەڵکو لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە دەرەکییەکانەوە دەبێت. 
بەشدارییەکانی عێراق لە کۆنگرەکانی پێشووی میونشن لە ڕێگەی سەرکردەکانییەوە، بەتایبەت بەشدارییەکانی نێچیرڤان بارزانی، بەرجەستەکەری ئەم تێگەیشتنە بوون بە شێوەیەکی پلەبەندی؛ بە جۆرێک گوتارەکان لە "داواکردنی پشتیوانی"یەوە گۆڕدران بۆ "پێشنیارکردنی شەراکەت"، وە لە باسکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانەوە بۆ ناساندنی عێراق وەک بەشێک لە سیستەمی چارەسەرە هەرێمییەکان. لەم ڕێڕەوەدا، بارزانی یەکێک بوو لە دیارترین ئەو دەموچاوانەی کە زمانی هێورکردنەوە و بونیادنانی متمانەی وەک ئامرازێکی سەرەکیی دانوستان بەکارهێنا.

لە میونشنی ٢٠٢٦دا، بە ڕوونی دیاربوو کە ئەم پیاوە نەک وەک سەرۆکی هەرێمێکی فیدراڵی، بەڵکو وەک دەنگێکی عێراقی دەجووڵایەوە کە لەگەڵ جیهاندا دەربارەی ئەو هاوسەنگییە دەدوا کە دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە ئاراوە. ئەو لە یەک کاتدا لەگەڵ سەرکردە ئەوروپی، ئەمریکی و بەرپرسە هەرێمییەکان کۆبووەوە. 
ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیش کۆپییەکی یەکتر نەبوون، بەڵکو بەپێی تێگەیشتن لە وردەکاریی بەرژەوەندییەکانی هەر لایەنێک داڕێژرابوون. لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکاندا، جەختی لەسەر ڕۆڵی عێراق لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگری لە گەڕانەوەی پشێویی ئەمنی کردەوە، لە کاتێکدا لە کۆبوونەوە هەرێمییەکاندا جەختی لەوە دەکردەوە کە بەغدا نابێتە مەیدانی ململانێ و ئاسایشەکەی بەشێکە لە ئاسایشی دراوسێیەکانی. 
ئەم فرەگوتارییە ڕەنگدانەوەی دژایەتی نییە، بەڵکو گوزارشت لە میتۆدێکی دانوستان دەکات کە پەیامەکان بەپێی بەرامبەر دادەڕێژێت بێ ئەوەی دەستبەرداری بنەما نیشتمانییەکان ببێت، وەک چۆن لە ستایشکردنی مەزڵوم عەبدی بۆ ئەو لەوێدا ڕەنگی دایەوە.

یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارەکانی ئەم بەشدارییە ڕاستەوخۆ دوای کۆنگرەکە دەرکەوت، کاتێک پایتەختە ڕۆژئاواییەکان دەستیان کرد بە باسکردنی عێراق وەک "دەوڵەتی هاوسەنگی" نەک "مەیدانی کێبڕکێ". 
ئەم گۆڕانکارییە بایەخێکی سیاسی گەورەی هەیە، چونکە وێنەی عێراق لە دوای ٢٠٠٣وە لە هۆشی نێودەوڵەتیدا بە چەمکی "دەوڵەتی وەرگری سیاسەتەکان" بەسترابووەوە نەک "بەشدار لە داڕشتنیاندا". بەڵام ئەمڕۆ دانوستانکاری عێراقی – کە نێچیرڤان بارزانی بەرجەستەی دەکات – بەو توانایەوە دەرکەوت کە دەتوانێت دەستپێشخەری بخاتە ڕوو، نەک تەنها وەڵامدەری دەستپێشخەرییەکانی کەسانی دیکە بێت. ئەوەی هاوکاری ئەمەشی کرد، پشتبەستنی بارزانی بوو بە ئەزموونی پێشووی لە کۆنگرەکانی میونشن، کە تێیدا ڕاهاتبوو زیاتر لە فەزای کۆبوونەوە لاوەکییەکاندا کار بکات نەک لەسەر سەکۆ گشتییەکان، چونکە دەیزانی بڕیارە ڕاستەقینەکان لەو مەودا تەنگانەی نێوان سەرکردەکاندا دروست دەبن نەک لە هۆڵە گەورەکاندا.

جێی سەرنجە کە میتۆدی دانوستانەکانى بارزانی پشتی بە دروشم نەدەبەست، بەڵکو پشتی بە چەمکی "بەرژەوەندی هاوبەش" دەبەست. لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئەوروپییەکان، عێراقی وەک هاوبەشێک لە ئاسایشی وزە، بەڕێوەبردنی دۆسیەی کۆچ و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە توندڕەوەکان ناساند. لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئەمریکییەکان، جەختی لەسەر گواستنەوە لە پەیوەندییەکی سەربازییەوە بۆ پەیوەندییەکی دامەزراوەیی درێژخایەن کردەوە. سەبارەت بە دەوڵەتانی ناوچەکەش، بیرۆکەی عێراقی وەک "ناوبژیوان" پێشکەش کرد کە دەتوانێت بەریەککەوەتنەکان کەم بکاتەوە نەک قووڵیان بکاتەوە، وەک ڕۆڵی لە پشتگیریکردنی کوردی سوریا. ئەم هەمەجۆرییەی ڕۆڵەکان، وێنەیەکی کۆنی دیپلۆماسی عێراقی زیندوو کردەوە کاتێک بەغدا شوێنی پەیوەندی نێوان پایتەختە نەیارەکان بوو، بەڵام جیاوازییەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئەم وێنەیە لە ڕێگەی دانوستانی هێمنەوە بونیاد دەنرێت نەک لە ڕێگەی گوتارە گەورە و پڕدەنگەکانەوە.

لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە، دەکرێت بڵێین ئەوەی لە میونشن ڕوویدا پەیوەندی بە شێوازێکی نوێی بیرکردنەوەوە هەیە لەناو نوخبەی عێراقیدا، کە تێیدا گواستنەوە لە "دیپلۆماسیی پەرچەکردار" بۆ "دیپلۆماسیی دەستپێشخەری" بەدی دەکرێت. لێرەدا بارزانی تەنها نموونەیەکی ناوازە نییە، بەڵکو گوزارشتە لەم وەرچەرخانە، بەڵام شێوازە کردارییەکەی هاوکاری کرد لە بەرجەستەکردنی بیرۆکەکە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی؛ چونکە ئەو مەیلی بۆ دوورکەوتنەوە لە لێدوانە توندەکان هەیە و لەبری ئەوە پشت بە بونیادنانی کەناڵە پەیوەندییە درێژخایەنەکان دەبەستێت. ئەمەش لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەمان سەرکردەکان لە ماوەی چەندین ساڵدا دەرکەوت، کە جۆرێک لە متمانەی کەڵەکەبووی دروست کردووە کە کەم بەرپرسی عێراقی لە دەەیەکانی ڕابردوودا دەستیان کەوتووە.

قۆناغی دوای میونشن دەریدەخات کە دەستکەوتی ڕاستەقینە ڕێککەوتنێکی ڕاگەیەندراو نەبوو، بەڵکو "پێناسەکردنەوەی ڕۆڵ" بوو. کاتێک بڕیارەبەدەستی نێودەوڵەتی سەیری عێراق دەکات وەک لایەنێک کە توانای ڕوونکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی هەیە لەبری ئەوەی تەنها بابەتێک بێت بۆ گفتوگۆ، ئەوا تەرازووی دانوستان دەگۆڕێت. ئەمەش ئەوەیە کە بە کردەیی ڕوویداوە، چونکە ئێستا هەندێک دۆسیەی هەرێمی "لەگەڵ بەغداد" باس دەکرێن نەک "دەربارەی بەغداد"، ئەمەش ئەنجامێکە کە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی ستراتیژی "سەبری دیپلۆماسی"یە کە لە ساڵانی دواییدا پەیڕەو کراوە.

لە خوێندنەوەی سەنتەرە توێژینەوە ئەوروپییەکاندا بۆ بەشدارییەکانی نێچیرڤان لە کۆنگرەکانی پێشوودا و دوای ئەم کۆنگرەیەش، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە عێراق دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوان لە زیاتر لە دۆسیەیەکی هەرێمیدا بگێڕێت. ئەم خوێندنەوەیە لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵکو لە تێبینیی کردنی توانای دانوستانکاری عێراقییەوە هاتووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە دژبەیەکەکان بێ ئەوەی متمانەی هیچکامێکیان لەدەست بدات. ئەوەی یارمەتیدەری ئەمەش بوو ئەوەیە کە گوتاری عێراقی لای نێچیرڤان چیتر لەسەر بنەمای جەمسەرگیری نییە، بەڵکو لەسەر بیرۆکەی بەرژەوەندی هاوبەش لە سەقامگیری ئابووری و ئەمنیدا دامزراوە، کە ئەمەش زمانێکە هەمووان لە جیهانێکدا لێی تێدەگەن کە بەرەو پڕاگماتیزم (بەرژەوەندیخوازی) هەنگاو دەنێت.

ئاڵنگاریی داهاتوو لە دووبارەبوونەوەی دەرکەوتنی نێودەوڵەتیدا نابێت، بەڵکو لە گۆڕینی ئەم ئامادەییە دەبێت بۆ سیاسەتی ناوخۆیی کە متمانە بەهێزتر بکات. دیپلۆماسی سەرکەوتوو پێویستی بە پاڵپشتییەکی ئابووری و ئەمنی هەیە لە ناوخۆدا. ئەوەی نێچیرڤان لە میونشن نیشانی دا ئەوەیە کە جیهان ئامادەیە گوێ لە عێراق بگرێت بەو مەرجەی بەردەوام بێت لە ناساندنی خۆی وەک نموونەیەک بۆ هاوسەنگی. لێرەدا ڕۆڵی دانوستانکار دەردەکەوێت لە بەستنەوەی سیاسەتی دەرەوە بە چاکسازی ناوخۆیی، بە جۆرێک پەیامی دەرەکی ببێتە ڕەنگدانەوەی واقیعێکی سەقامگیر نەک تەنها بەڵێنێکی دواخراو.

دەکرێت ئەزموونی میونشنی ٢٠٢٦ و بەشداری نێچیرڤان تێیدا، وەک هەنگاوێک لە ڕێڕەوێکی درێژخایەنتر بۆ دووبارە بونیادنانەوەی "ناسنامەی دانوستانکاری عێراق" بخوێنرێتەوە. عێراق لە دەوڵەتێکەوە کە بەدوای پاراستندا دەگەڕا، گۆڕدرا بۆ دەوڵەتێک کە "شەراکەت" پێشکەش دەکات، و لە پێگەی بەرگرییەوە بۆ پێگەی گفتوگۆ. ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە بە یەک بەیاننامە بەدی نایەت، بەڵکو بە زنجیرەیەک کردەوەی کەڵەکەبوو دەبێت، بەشداریی بارزانی لەم کۆنگرەیەدا یەکێک بوو لە دیارترین ساتەکانی ئەو پرۆسەیە، چونکە عێراقی وەک خاوەن ڕا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا ناساندەوە، نەک تەنها وەک لایەنێکی کاریگەر بەو سیستەمە.

لە جیهانێکدا کە بەرەو فرەجەمسەرییەکی پشێو دەڕوات، هەبوونی دانوستانکارێک کە توانای تێگەیشتنی لە هەستیارییەکانی هێزە گەورەکان هەبێت، دەبێتە مەرجی مانەوە لە دەرەوەی ململانێکان. عێراق بە حوکمی پێگەکەی ناتوانێت گۆشەگیر بێت، بۆیە ستراتیژە نوێیەکەی لەسەر "تێوەگلانی ئەژمارکراو" دامزراوە. کۆنگرەی میونشنی ٢٠٢٦ نیشانی دا کە ئەم نزیکبوونەوەیە دەستی کردووە بە بەرهەمهێنان؛ لەبری ئەوەی باس لە عێراق وەک دۆسیەیەکی ئەمنی بکرێت، باس لەوە دەکرێت وەک "هاوبەشێکی سیاسی"، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی لەسەرخۆیە بەڵام  لەسەر مەودای درێژخایەن.

قۆناغی دوای کۆنگرە، قۆناغی بێدەنگی نییە، بەڵکو قۆناغی تاقیکردنەوەیە بۆ بەردەوامیی ئەم ڕۆڵە. ئەگەر بەغدا و هەولێر بتوانن ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە ڕێککەوتنی ئابووری و ئەمنی هاوسەنگدا وەبەرهێن بکەن، ئەوا وێنەی دانوستانکاری عێراقی جێگیر دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەنجامەکان تەنها لە چوارچێوەیەکی سیمبولیدا بمێننەوە، ئەوا وەسفە کۆنەکە وردە وردە دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە مانگەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن لە گۆڕینی ئەم سەرکەوتنی مەعنەوییە بۆ دەستکەوتێکی ستراتیژی هەمیشەیی لە نێوەندی قەیرانی حکومی و دارایی ئێستای عێراقدا.

بەم مانایە، میونشنی ٢٠٢٦ ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە تێگەیشتنی جیهان بۆ سروشتی ڕۆڵی عێراق. نێچیرڤان بارزانی لەوێدا ڕۆڵی ئەو "ڕووکارە"ی گێڕا کە ئەم ڕۆڵەی بە زمانێکی هێمن و ئەژمارکراو پێشکەش کردەوە. بۆیە پرسیاری دوای کۆنگرە ئەوە نییە کە جیهان چی لە عێراق دەوێت، بەڵکو ئەوەیە کە عێراق چی دەتوانێت پێشکەشی سیستەمی نێودەوڵەتی بکات کە بەدوای هاوسەنگییەکی نوێدا دەگەڕێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانکارییە لە هاوکێشەکەدا و سەرلەنوێ پێگەی دەوڵەت لە نەخشەی سیاسەتی جیهانیدا دەکێشێتەوە؛ چونکە کاتێک وێنەی دانوستانکار دەگۆڕێت، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتەکەشی دەگۆڕێت، و عێراق ئەمڕۆ لەو ساتە یەکلاکەرەوەیەدا وەستاوە کە لە نێوان ڕابردووی پڕ لە قەیران و ئەگەری بوون بە یاریزانێکی هاوسەنگی‌هێنەری هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP