هەرێم نیوز
لە دێر زەمانەوە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان لە شەقکردنی ئاوەکانی کەنداو و تێپەڕبوون بە ناو گەرووی هورمز دا نەوەستاون، بەڵام گۆڕانکارییە نوێیەکە لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە سەریهەڵداوە، دۆخێکى ئاڵۆز و ناهێمنى باڵی کێشاوە بەسەر تەسکترین خاڵی ئاویدا کە کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوەو ڕێرەوی زۆرینەى نەوت و بارزگانى جیهانە و هەر کەس دەستى بەسەردا بڕوات وەک ئەوەیە دەستى لە بینى مرۆڤێکدا بێت.
سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی بەلەمە خێراکان و سەکۆ موشەکییەکانییەوە چاودێری هەرجووڵەیەک دەکات کە گوماناویی بێت، چونکە چارەکی بازرگانیی نەوتی گواستراوە لەرێگەی دەریا و نزیکەی 11%ی قەبارەی بازرگانیی جیهانی بە گشتی بەو سنوورە ئاوییە هاوبەشەدا تێدەپەڕێت، لە کاتێکدا ڕادارەکان جووڵەکانی کەشتیگەلی ئەمریکی تۆمار دەکەن کە بەردەوامە لە کۆکردنەوەی سەربازیی لە ناوچەکەدا کە پێشتر نیشتەجێی کردبوون. هەموو ئەمانە هاوکات لەگەڵ ئەو دانوستانانەدا ڕوودەدەن کە لە مەسقەت دەستیان پێکردووە و پاشان گواستراونەتەوە بۆ جنێف، دیمەنەکان کورتەی ئەو گرژییە هەڵکشاوە دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە.
بژاردەی کۆتایی
گەرووی هورمز تەنها ڕێڕەوێکی دەریاوانی ئێران نییە ، بەڵکو دوایین کارتی دەستی ئەو وڵاتەیە بۆ ڕێگریی و هەڕەشە لە ئەمریکا و رۆژئاوییەکان و گرنگییەکەى بەباشى دەرککردووە، هورمز ئەو چەکەیە کە دەتوانێت پەنجەى پێ ڕایبوەشێنێت ئەگەر هەموو ڕێگە دیپلۆماسییەکان شکستیان هێنا.
لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی کارێکی سەربازیی "گەورە"، گەرووی هورمز وەک بەهێزترین کارتی فشاری ئێران دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕێت و "بژاردەی کۆتاییە" بۆ پەکخستنی زنجیرە دابینکارییە وزەییەکان بۆ جیهان و کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بازاڕەکان و وزە دەبێت.
تێچووی بۆمبڕێژکردن :
دەکرێت هاتوچۆی دەریاوانی پەک بخرێت لە ڕێگەی مینە دەریاییەکان، موشەکە کەناراوییەکان و بەلەمە خێراکان، بەڵام زۆر جار وەک بژاردەی کۆتایی سەیری ئەم سیناریۆیە دەکرێت بەهۆی تێچووە زۆرەکەی بۆ ئێران و هاوبەشە بازرگانییەکانی، کە لە سەرووی هەموویانەوە چینە وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران، جگە لە لێکەوتەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو.
لەبەر ئەم هۆکارە، ئەم بژاردەیە زیاتر لە لێدوانی پەرلەمانتاران یان میدیا ناوخۆییەکاندا دەردەکەوێت وەک لەوەی لەسەر زاری بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە بێت، کە درک بەوە دەکەن کارتی هورمز ڕەنگە بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی نێودەوڵەتی گشتگیر کە نەتوانرێت بە ئاسانی کۆنترۆڵی ئاڕاستەکەی بکرێت.
داخستنی گەرووەکە بۆ چەند کاتژمێرێک:
لە پەیامێکی مەیدانیی ڕووندا کە هاوکات بوو لەگەڵ خولی دووەمی دانوستانەکان لە جنێف، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند کە گەرووی هورمز بۆ چەند کاتژمێرێک داخراوە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی مانۆڕی "کۆنترۆڵی ژیرانەی گەرووی هورمز".
فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران، عەلی ڕەزا تەنگسیری، جەختی کردەوە کە "بڕیاری داخستنی گەرووەکە لە دەستی بەرپرسە باڵاکانی ئێراندایە"، و ئامادەیی سوپای بۆ داخستنی لە هەر کاتێکدا ڕایگەیاند.
دیمەنە ڤیدیۆییەکان کە ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی بڵاوی کردوونەتەوە، داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بە ڕووی هاتوچۆی دەریاوانیدا نیشان دەدەن، هاوکات لەگەڵ هەڵدانی موشەکی پێشکەوتوو و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ژێردەریایی، کە بەپێی ئاژانسەکە پەیامێک بووە سەبارەت بە توانای بەرزی ئێران و ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.
تەنگسیری ڕوونیشی کردەوە کە ئەو چەکانەی لە کاتی شەڕدا بەکاردەهێنرێن جیاوازن لەوانەی لە مانۆڕەکاندا بەکاردێن، و جەختی کردەوە کە "وەڵامی خێرا و گشتگیر بۆ نەخشەکانی دوژمنان" تەوەری سەرەکی تاقیکردنەوەکان بووە.
دەستبەسەرداگرتنی ٣ کەشتی:
لە کاتێکدا مانۆڕەکان بەردەوامن، وێنە نوێیەکانی مانگی دەستکرد پەردەیان لەسەر جێگیربوونی ٣ کەشتی بیانی لادا کە لە مەودایەکی دەریایی تەسکدا لە نزیک "بەندەر عەباس" دەستبەسەر کراون. داتاکان نیشانی دەدەن کە ئەو سێ کەشتییە لە شوێنی نیمچە جێگیردا ماوەیەکی درێژە لەنگەریان گرتووە.
ئەم جێگیربوونە لە نزیک دەروازەی باکووری گەرووەکە، توانای ئەوە دەداتە تاران کە مامەڵە لەگەڵ بارە دەستبەسەرداگیراوەکان بکات لە چوارچێوەی سەروەریی خۆیدا، و پەیامی فشار دەگەیەنێت هەر کاتێک ڕێگە دیپلۆماسییەکان تووشی ئاستەنگ بن.
دانوستانەکان و هەڕەشەکان:
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری ڕاوێژکارێکی سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە گواستییەوە کە ئەگەرێک بە ڕێژەی 90% هەیە بۆ ئەنجامدانی کارێکی سەربازیی دژی ئێران لە هەفتەکانی داهاتوودا، و پڕۆسە چاوەڕوانکراوەکەی بەوە وەسف کرد کە "گەورە دەبێت و لە شەڕێکی گشتگیر دەچێت".
لە کاتێکدا وەزیری وزەی ئەمریکا، کریس ڕایت، جەختی کردەوە کە واشنتۆن بە "شێوەیەک لە شێوەکان" ڕێگری لە ئێران دەکات بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی، تاران لە ڕێگەی وتەبێژی حکومەتەکەیەوە وەڵامی دایەوە کە بە شێوەیەکی تەریب پەیڕەوی ڕێگەی "دانوستان و ئامادەیی بەرگری" دەکات.
لەگەڵ جەختکردنەوەی ڕاپۆرتەکان لەسەر ئەوەی ئیدارەی ترەمپ لە "شەڕێکی گەورە" نزیک بووەتەوە کە ڕەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت، وا دیارە گەرووی هورمز خۆی ئامادە دەکات ببێتە "یەکەم گۆڕەپانی ململانێ" ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی بڕیار بدات هەڕەشەکان بکاتە ڕاستی بەرجەستە.
هورمز شا دەماری وزەی جیهانیی:
گەرووەکە تەنها ڕێڕەوێکی دەریاوانی نییە، بەڵکو لە روانگەى مێژووییەوە بەستراوەتەوە بە ململانێ گەورەکانی ناوچەکەوە، لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێک کە بەرژەوەندی و ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تێدا یەکدەبڕن و بووەتە کارتێکی فشاری کاریگەر.
لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2025دا، تێکڕای جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا گەیشتە نزیکەی 144 کەشتی لە ڕۆژێکدا. گەرووی هورمز گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە لە بواری خزمەتگوزارییە لۆجستییەکاندا، چونکە جێگرەوە پراکتیکییەکان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی وزە زۆر سنووردارن، و داخستنی ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، دەبێتە هۆی پەکخستنی زنجیرە دابینکارییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی بارکردن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە لەسەر ئاستی جیهان.
داخستنی گەرووەکە:
داخستنی گەرووی هورمز بە شێوەیەکی تەواوەتی -ئەگەر ڕووبدات- دەبێتە هۆی کەمییەکی توند لە دابینکردنی نەوت و گاز و داڕمانی بازاڕەکانی وزەی جیهانی، ڕەنگە نرخی بەرمیلێک نەوت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بگەیەنێتە 100 دۆلار یان زیاتریش، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تەئمین)ی دەریایی بە ڕێژەیەکی گەورە.
لە ڕووی سەربازییەوە، داخستنی گەرووەکە وا دەکات ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی ئازادیی دەریاوانی لە گەرووەکەدا وەک هێڵی سوور ببینن، و ڕەنگە دەستوەردانی سەربازی بکەن بۆ دووبارە کردنەوەی، لەگەڵ سیناریۆی کراوە ئەگەر شەڕ هەڵگیرسێت.
لەناو ئەم ئاوە تەنگانەدا، هاوکێشەیەکی ئاڵۆز دروست دەبێت: دانوستان لە جنێف، هەڕەشە لە واشنتۆن، مانۆڕ لە هورمز، و کەشتی دەستبەسەرکراو لە نزیک بەندەر عەباس. ئەو پرسیارەی کە خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: "ئایا ئەم گەرووە وەک ڕێڕەوێکی ئارام بۆ وزەی جیهانی دەمێنێتەوە، یان ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان تاران و واشنتۆن؟".