دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

لە دوای ئەڵمانیا؛ نەرویجیش بەشێک لە سەربازانی لە عێراق و ئوردن کشاندەوە

هەرێم نیوز

بەهۆی پەرەسەندنی مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا، حکومەتی نەرویج بڕیاریدا بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی لە عێراق و ئوردن بکشێنێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش دوای هەنگاوێکی هاوشێوەی ئەڵمانیا دێت لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ٢ی ٢٠٢٦، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هێزە چەکدارەکانی نەرویج ڕایگەیاند: "بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی گرژییەکان، بڕیارماندا بەشێک لە سەربازەکانمان لە عێراق و ئوردنەوە بگوازینەوە بۆ نەرویج."

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، کۆی ژمارەی سەربازانیان لە ناوچەکەدا ٦٠ سەرباز بووە، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی پێکدادانی سەربازیی نێوان واشنتن و تاران، بەشێکیان گەڕێندراونەتەوە.

ئەم بڕیارەی نەرویج لە کاتێکدایە کە دوێنێ ئەڵمانیاش بەهۆی هەمان مەترسییەوە، سەربازەکانی لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە گواستەوە بۆ شاری عەممانی پایتەختی ئوردن. ئەم زنجیرە کشانەوەیەی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیادبوونی ئەگەری پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP