هەرێم نیوز
دوای مانگێک لە گوشارە چڕەکانی واشنتن و ناڕەزایەتیی لایەنە ناوخۆییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی لە بڕیاری کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پاشەکشە دەکات و ئێستا باس لە چوار ناوی جێگرەوە دەکرێت کە چانسی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لە هەمووان زیاترە.
بەپێی زانیاریی میدیا عەرەبییەکان کە لە سەرچاوەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان کەوتووە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەرەی نەیارانی کاندیدکردنی مالیکی لە ناوخۆی هاوپەیمانێتییەکەدا فراوانتر بووە. سەرکردەکانی چوارچێوەکە هەوڵ دەدەن بە شێوازێکی "دیپلۆماسییانە" مالیکی قایل بکەن بە کشانەوە، بە جۆرێک کە حیزبی دەعوە لە پڕۆسەی سیاسی نەکشێتەوە و تەنگژەی ناوخۆیی دروست نەبێت.
کاندیدە جێگرەوەکان کێن؟
بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، ئێستا باس لە لیستێکی چوار کەسی دەکرێت:
١. حەمید شەتری: سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق (بەهێزترین کاندیدە بەهۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا).
٢. محەممەد شیاع سوودانی: سەرۆکوەزیرانی ئێستا.
٣. ئەسعەد عەیدانی: پارێزگاری بەسرە.
٤. کاندیدێکی دیکە کە هێشتا ناوی بە فەرمی نەهێنراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، سەرکردە دیارەکانی وەک عەممار حەکیم، قەیس خەزعەلی، حەیدەر عەبادی و هادی عامری، لە ترسی سزاکانی ئەمریکا و بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق، بەرەو بژاردەی دوورخستنەوەی مالیکی هەنگاو دەنێن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا مالیکی پێداگرە لەسەر کاندیدبوونی و ڕەتیدەکاتەوە بە ویستی خۆی پاشەکشە بکات.