هەرێم نیوز
بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو و گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، هێزێکی تایبەتی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەیشتە شاری عەفرین و دەست بە ئامادەکارییەکان دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی 2ی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە هێزێکی تایبەتی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەیشتووەتە شاری عەفرین. هێزەکە لەلایەن سیامەند عەفرین، جێگری بەرپرسی ئاسایشی گشتیی حەسەکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و هاتنیشیان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە کە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی شارەکە و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەرکی سەرەکیی ئەو هێزە ئەمنییە بریتی دەبێت لە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆخی مەیدانی و ئەنجامدانی هەماهەنگیی پێویست. ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی ئەوەیە تاوەکو زەمینەیەکی گونجاو و سەلامەت بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانە بڕەخسێنن کە ماوەیەکی زۆرە لە شارەکەیان و زێدی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە.
پێشتریش لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا زانیاری ئەوە درابوو کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا یەکەم کاروانی ئاوارەکان لە هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆوە بەرەو عەفرین دەگەڕێنەوە.
بڕیارە یەکەم کاروانی گەڕانەوەکەش نزیکەی 400 خێزان لەخۆ بگرێت کە زۆربەیان خەڵکی شارۆچکە و ناحیەکانی (جندرێس، مابەتا و شییە)ن، ئەم پرۆسەیەش وەک بەشێک لە پلانێکی ڕێکخراو بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت.