هەرێم نیوز
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کۆتاییهاتنی گرژییەکانی گەڕەکی نەورۆزی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە سوپای عێراق لە گەڕەکەکە دەکشێتەوە و خاوەندارێتی خانووەکان دەگوازرێتەوە بۆ سەر میلاکی پارێزگای کەرکووک، بەمەش مەترسی دەرکردنی خێزانە کوردەکان کۆتایی دێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٦، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک سەردانی گەڕەکی نەورۆزی کرد و لە نێو ئەو ماڵە کوردانەی کە بەیانی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەوڵی دەرکردن ببوونەوە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "کێشەی گەڕەکی نەورۆز بۆ هەمیشە چارەسەر کرا؛ سوپای عێراق لە تەواوی گەڕەکەکە دەکشێتەوە و چیتر ڕێگە بە هیچ هێزێکی سەربازی نادرێت هەڵبکوتێتە سەر ماڵی هاووڵاتییان."
چاوچنۆکیی ئەفسەرەکان و ڕێگریی پارێزگار
پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای کرد کە هەوڵی دەرکردنی ئەو خێزانە کوردە "چاوچنۆکیی چەند ئەفسەرێکی سوپا" بووە کە چاویان بڕیوەتە ئەو خانووانە، بەڵام توانراوە ڕێگرییان لێ بکرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە پێشتر خاوەندارێتی زەوییەکان لای وەزارەتی بەرگری بووە، بەڵام بڕیار دراوە خاوەندارێتییەکەی بگوازرێتەوە بۆ سەر پارێزگای کەرکووک تاوەکو کێشەی یاسایی نیشتەجێبووان چارەسەر بکرێت.
پاشخانی ڕووداوەکە
بەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی سوپای عێراق بە بڵاوەپێکردنی چەکدار و زرێپۆش چوونە ناو گەڕەکی نەورۆز و بە زەبری هێز خێزانێکی کوردیان لە ماڵەکەیان وەدەرنا. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، بەتایبەت کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسیی داگیرکردنی زەویوزار و خانووەکانیان دەبنەوە.
ڕێبوار تەها دڵنیایی دایە دانیشتووانی گەڕەکەکە کە چیتر ئەو خێزانانە کێشەی نیشتەجێبوونیان نابێت و وەک پارێزگار ڕێگری لە هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە دەکات کە بیەوێت ئارامیی شارەکە تێک بدات.