هەرێم نیوز
دۆخی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک بەرەو ئاڵۆزی دەچێت؛ سوپای عێراق بە زەبری هێز دەستی کردووە بە دەرکردنی خێزانە کوردەکان و ڕێگریی لە پارێزگاری کەرکووک و پاسەوانەکانی کردووە بچنە ناوچەکە، ڕێبوار تەهاش دەڵێت: "دەبێت هەموو خێزانەکان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٦، هێزێکی سوپای عێراق بە بیانووی ئەوەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز "موڵکی وەزارەتی بەرگرییە"، هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکەکە و بە زەبری هێز خێزانێکی کوردیان لە ماڵەکەیان دەرکرد و گەمارۆی ماڵێکی دیکەشیان دا بە مەبەستی چۆڵکردنی.
دوای گەیشتنی ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بۆ شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هاووڵاتییان، گرژی لەنێوان پاسەوانانی پارێزگار و هێزەکانی سوپای عێراق دروست بوو. سوپای عێراق بە توندی ڕێگریی لە پاسەوانەکانی ڕێبوار تەها کرد بچنە ناو ئەو خانووانەی کە هەوڵی چۆڵکردنیان دەدرێت، ئەمەش ئاڵۆزییەکانی گەیاندە لوتکە.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لەنێو گەڕەکەکەدا پەیامێکی توندی ئاراستەی فەرماندە سەربازییەکان کرد و ڕایگەیاند: "سەرجەم ئەو خێزانانەی سوپای عێراق دەریکردوون، دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان و ڕێگە نادەین بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی کەرکووک بکرێت."
گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک کە زۆربەی نیشتەجێبووانی کوردن، ماوەی چەند ساڵێکە لەژێر فشاری وەزارەتی بەرگریی عێراقدایە بۆ چۆڵکردنی خانووەکانیان، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەسەر ئاستی جەماوەری و سیاسی لێکەوتووەتەوە.