هەرێم نیوز
ستیڤ وێتكۆف، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵوێستی تاران سەرسامە و دەپرسێت؛ بۆچی سەرەڕای فشاری بێئەندازە و جووڵەی هێزە دەریاییەکان، هێشتا ئێران بۆ ڕێککەوتن نەهاتووەتە پێشەوە.
ستیڤ وێتكۆف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ ئەم بەیانییە پرسیاری لەبارەی ئێرانەوە لێکردم؛ ئەو سەرسامە بەوەی چۆن تا ئێستا تاران خۆی ڕادەست نەکردووە، لە کاتێکدا هێزێکی دەریایی و سەربازیی بێئەندازەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادەیە."
وێتكۆف ئاماژەی بەوەش دا، کە ترەمپ چاوەڕوان بوو لەژێر ئەم فشارە توندەدا ئێرانییەکان بێنە پێشەوە و بڵێن: "ئێمە چەکمان ناوێت و ئامادەین بۆ ڕێککەوتن"، بەڵام وتیشی: "تاوەکو ئێستا قەناعەتپێکردنیان بەم شێوەیە ئەستەمە."
نوێنەرەکەی ترەمپ جەختی کردەوە کە هەرچەندە نایەوێت وشەی "نائومێدی" بەکاربهێنێت، چونکە سەرۆک بژاردەی زۆری لەبەردەستدایە، بەڵام جۆرێک لە سەرسوڕمان لە واشنتن هەیە بەرامبەر بە سەرسەختیی تاران لەم قۆناغەدا کە سزاکان و هەڕەشە سەربازییەکان گەیشتوونەتە لوتکە.