هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی وەڵامی باڵیۆزی ئەمریکای لە ئیسرائیل دایەوە و ڕایگەیاند، پشتیوانیکردنی مایک هاکابی لە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل "لە نیلەوە تا فورات"، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر بەشداریی چالاکانەی واشنتن لە تاوانەکانی جینۆساید دژی گەلی فەڵەستین.
ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە تاران بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، ئەو لێدوانە "ئایدیۆلۆژییە توندڕەوانە"ی باڵیۆزی نوێی ئەمریکا سەرکۆنە دەکات. باقایی وتیشی: "ئەم جۆرە وتانە دەوڵەتی زایۆنی بوێرتر دەکات بۆ درێژەدان بە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە."
چیرۆکی لێدوانە جێ مشتومڕەکەی هاکابی
گرژییەکان دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل (کە کەسایەتییەکی نزیکە لە دۆناڵد ترەمپ)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تاکەر کارلسۆن، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەقە ئاینییەکان و بەڵێنی خاکی نێوان نیل و فورات بە ئیسرائیل، ڕایگەیاندبوو: "هیچ کێشەیەک نییە و باش دەبێت ئەگەر ئیسرائیل هەموو ئەو ناوچانە ببات."
ئەم لێدوانە کە وڵاتانی فەڵەستین، ئوردن، سووریا، لوبنان، عێراق، سعوودیە و میسر دەگرێتەوە، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لێکەوتەوە. هەرچەندە هاکابی دواتر هەوڵی دا لێدوانەکەی نەرم بکاتەوە و وتی مەبەستی پاراستنی ئیسرائیلە لەو شوێنانەی ئێستا تێیدایە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە "ئیسرائیل خاکێکە خودا بە گەلێکی هەڵبژێردراوی داوە."
پاشخانی مەترسییەکان
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا دەستی کردووە بە لکاندنی زەوییەکانی کەرتی ڕۆژاوا و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، هەروەها دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و هاتنەسەرکاری ئەحمەد شەڕع، ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ لکاندنی فەرمیی بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچە سنوورییەکان چڕتر کردووەتەوە.