هەرێم نیوز
کەناڵی ABC ئەمریکی بڵاویکردەوە کە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جیرالد ئار فۆر" لە کەناراوەکانی مەغریبەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە، ئەمەش بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی MarineTraffic کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییەکان.
کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە لەلایەن 4 کەشتی جەنگی و ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگییەوە هاوکاری دەکرێت، پێشتریش ئەم کۆمەڵە جەنگییە لە ناوچەی دەریای کارایبی ئەرکە سەربازییەکانیان جێبەجێ کردووە.
هاوکات ماڵپەڕی FlightRadar24 ئاماژەی بەوە کردووە کە 2 فڕۆکەی جۆری C-2A Greyhound کە لەسەر هەمان کەشتی بوون، لە کەناراوەکانی پورتوگال بینراون کە نزیکەی 230 میل (370 کیلۆمەتر) لە کەشتییە سەرەکییەکەوە دوور بوون.
ئەم جوڵە سەربازییانەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە ئێران و ئەمریکا لە جنێف کۆبوونەوەیەکیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئەنجامدا، کە تێیدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا سەرپەرشتی شاندەکانیان دەکرد.