هەرێم نیوز
پۆلیسی بەریتانیا ئەندرۆ ماونتپاتن-ویندزۆر، برای پاشای بەریتانیا و شازادەی پێشووی وڵاتەکەی بە تۆمەتی پێشێلکاری لە کاتی وەرگرتنی پۆستی فەرمی و پەیوەندییەکانی بە دۆسیەی جێفری ئیپستینەوە دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی 2ی 2026، پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند کە برای پاشای بەریتانیا لە ئێستادا لەژێر دەستبەسەریدایە و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی پشکنینی دوو ناونیشانی پەیوەست بە ناوبراون لە ئینگلتەرا، لەنێویاندا شوێنی نیشتەجێبوونە نوێیەکەی لە ساندریگهام لە ناوچەی نۆرفۆک.
دەستگیرکردنەکە ڕێگە بە پۆلیس دەدات پشکنینی تەواو بۆ ماڵ و موڵکەکانی شازادەی پێشوو بکات.
دەستگیرکردنەکە پەیوەندی بەو گومانانەوە هەیە کە گوایە ئەندرۆ لە ساڵانی 2010 و 2011، لەو کاتەی نێردەی بازرگانیی بەریتانیا بووە، بەشێوەیەکی ئاگادارانە بەڵگەنامە و زانیاریی نهێنیی فەرمیی داوەتە جێفری ئیپستین، تاوانباری سێکسیی کۆچکردوو.
گروپێکی دژە-سەڵتەنەتی بە ناوی "کۆماری" سکاڵایان لەسەر ئەم بابەتە تۆمار کردبوو، بەڵام تا ئێستا ئەندرۆ بە فەرمی تۆمەتی ئاراستە نەکراوە و ناوبراویش بەردەوام سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوای ئاشکرابوونی زنجیرەیەک بەڵگەنامەی دۆسیەی ئیپستین، ئەندرۆ سەرجەم نازناوە شاهانەییەکانی لێ سەندرایەوە.
جێی سەرنجە دەستگیرکردنی ئەم شازادە پێشووە ڕێک لە یادی 66 ساڵەی لەدایکبوونیدا بووە، لە کاتێکدا گوشارێکی زۆری ئەمەریکا و خێزانی ڤێرجینیا جوفرێی لەسەرە بۆ ئەوەی لە کۆنگرێس گەواهی بدات. ڤێرجینیا ئەو ژنە بوو کە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی خستە پاڵ ئەندرۆ و ساڵی ڕابردوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.