هەرێم نیوز
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە ئاشکرای دەکات کە سوپای وڵاتەکە کۆشکی سپیی لە ئامادەیی تەواو بۆ لێدانی ئێران ئاگادار کردووەتەوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر هێرشەکە نەداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی 2ی 2026، تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە کە سوپای ئەمەریکا بە فەرمی کۆشکی سپیی ئاگادار کردووەتەوە کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە ئامادەیە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران.
لەم چوارچێوەیەشدا، پنتاگۆن دەستی کردووە بە گواستنەوەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی تێکردنی سووتەمەنی لە بنکەکانی بەریتانیاوە بۆ شوێنەکانی نزیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرەڕای ئەو ئامادەکارییە چڕانە، بەرپرسە ئەمەریکییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە فەرمانی وەشاندنی گورزی سەربازی دژی ئێران نەداوە.
ترەمپ بەردەوامە لە وەرگرتنی ڕای ڕاوێژکار و هاوپەیمانەکانی سەبارەت بە باشترین ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، هاوکات لە کۆبوونەوە تایبەتەکانیدا بە شێوەیەکی نافەرمی تاوتوێی بژاردەکانی لایەنگری و دژایەتیکردنی کردەی سەربازی دژی ئێران دەکات.