هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایی بانکی ناوەندی دەکات بۆ دەستبەکاربوونی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەن ڕەوانە کراون، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و پێدانی مۆڵەتی کارکردن.
د. هاوڕی کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندوە، باڵەخانە دابینکراوە و شاندی بانکی ناوەندیش بینیویانەو ڕەزامەندیان لەسەرداوە، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی هەڵبژێردراون و ڕەوانەی بانکی ناوەندی کراون، دوای ڕەزامەندی لەسەر ناوەکان و پێدانی مۆڵەتی کۆتایی کارکردن لەلایەن بانکی ناوەندی، بانکی نیشتمان دەست بە کارەکانی دەکات.
بانکی نیشتمان، چەند جۆر قەرزو سولفەیەک بەفەرمانبەران و هاووڵاتییان دەدات، ئەم خزمەتگوزاریانە بوارەکانی کڕینی خانووبەرە (عەقارات)، ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی کشتوکاڵی، پیشەسازی و قەرزی بچووک دەگرێتەوە، بڕ و جۆری قەرزەکان بەپێی توانای دارایی بانکەکە دیاری دەکرێن.