هەرێم نیوز
فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێرشێکی ئەلیکترۆنیی گەورە و هەماهەنگیکراویان بۆ سەر پۆرتاڵی خزمەتگوزاریی ڕووناکی پووچەڵ کردووەتەوە کە لە ڕێگەی هەزاران ئایپی جیاوازەوە لە سەرانسەری جیهان ئەنجام دراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی 2ی 2026، فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری بڵاوی کردەوە، تیمەکانیان توانیویانە لە ڕۆژانی 15 و 16ی شوباتدا بەرپەرچی هێرشێکی بەهێزی جۆری (DDoS) بدەنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە نزیکەی 10 شەپۆلی یەک لەدوای یەک پێکهاتبوو، کە قەبارەی هەر شەپۆلێک گەیشتووەتە نزیکەی 180 گێگابایت داتا لە چرکەیەکدا و لە ڕێگەی ملیۆنان داواکاریی ئۆتۆماتیکییەوە کراوە.
فەرمانگەکە ئاشکرای کردووە کە دەستبەجێ سیستەمی وەڵامدانەوەی ڕووداوەکانیان کارا کردووە و بەرگرییەکی "فرەچین"یان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکە جێبەجێ کردووە، کە پێکهاتبوو لەم هەنگاوانە:
دەستنیشانکردن و پاڵاوتنی هێرشەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ.
سنووردارکردنی ڕێژەی داواکارییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی جوگرافیی سەرچاوەی هێرشەکان.
هەماهەنگی لەگەڵ دابینکەرانی ئینتەرنێت (ISP) بۆ بلۆککردنی هێرشەکان لە سەرچاوەوە.
گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکە بۆ پارێزەری هەوری (Cloud DDoS Protection) و گۆڕینی ئایپیی گشتی.
لە کۆتاییدا فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری دڵنیایی داوە کە بەهۆی ئەم ڕێوشوێنە خێرایانەوە، پۆرتاڵی ڕووناکی لە کار نەکەوتووە و خزمەتگوزارییەکانی بەردەوام بوون.