هەرێم نیوز
ماڵپەڕی (Axios)ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە ئیدارەی ترەمپ زۆر لەوە نزیکترە لە شەڕێکی گەورە لەگەڵ ئێران کە خەڵک بیری لێ دەکەنەوە و ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ بکات، هاوکات ئیسرائیل خۆی بۆ گۆڕینی ڕژێمی تاران ئامادە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی 2ی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکە تەنها لێدانێکی دیاریکراو نابێت وەک ئەوەی مانگی ڕابردوو لە ڤەنزوێلا ڕوویدا، بەڵکو کەمپەینێکی سەربازیی بەرفراوانی چەند هەفتەیی دەبێت و بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت، ئامانجەکەشی زۆر فراوانتر دەبێت لە شەڕەکەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو و مەترسی لەسەر مانەوەی ڕژێمی ئێران دروست دەکات، چونکە ئیسرائیل سیناریۆی "گۆڕینی ڕژێم" و لێدان لە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکەی ئامادە کردووە.
سەبارەت بە دیپلۆماسی، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی جنێڤ لەنێوان (جیرد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف) لەگەڵ عەباس عێراقچی هەرچەندە پێشکەوتنی تێدا بووە، بەڵام بۆشاییەکان گەورەن و بەرپرسانی ئەمەریکا گەشبین نین.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە ترەمپ هێڵی سووری داناوە و ئێرانییەکان ئامادە نین دانی پێدا بنێن، بۆیە دیپلۆماسی گەیشتووەتە کۆتایی سروشتیی خۆی.
ئامادەکارییە سەربازییەکان گەیشتوونەتە لوتکە؛ کەشتیگەلی ئەمەریکا کە دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و 12 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکەی شەڕکەر لەخۆدەگرێت گەیشتوونەتە ناوچەکە.
تەنها لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 50 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو لە جۆرەکانی F-35 و F-22 و F-16 ڕەوانەی ناوچەکە کراون و زیاتر لە 150 گەشتی بارھەڵگری سەربازی چەک و تەقەمەنییان گواستووەتەوە. ڕاوێژکارێکی ترەمپ بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە: "سەرۆک بێزار بووە و بە ڕێژەی 90٪ لە چەند هەفتەی داهاتوودا کردەی سەربازی دەبینین."