هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، تاران بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دەستبەرداری پڕۆگرامی ئەتۆمییەکەی ببێت، بەڵام ئامادەیە بیسەلمێنێت کە ئامانج لەو بەرنامەیە دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ٢ی ٢٠٢٦، مەسعود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: دانوستانە ئەتۆمییەکان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەدەچێت. وتیشی: "ئامانجمان لە دانوستانەکان چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و سەلماندنی ئاشتیخوازانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەیە بۆ جیهان."
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی نایەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، هەر بۆیەش هیچ ترسێکیان لە بەردەوامبوونی بەرنامەکە نییە و ئامادەن هەموو هەنگاوێکی پێویست بنێن بۆ ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی چالاکییەکانیان و دوورخستنەوەی گومانەکان.
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ واشنتن لە لوتکەدان و دانوستانەکانی جنێڤ وەک دوا دەرفەت بۆ ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیر دەکرێن.