دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل: تورکیا "ئێرانێکی نوێیە" و دەیەوێت بەرەیەکی سوننی دژی ئێمە دروست بکات

هەرێم نیوز

نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توند لەبارەی زیادبوونی هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە دەدات و ڕایدەگەیەنێت؛ ئەنقەرە هەوڵدەدات بەرەیەکی سوننی دوژمنکارانە دژی ئیسرائیل پێکبهێنێت کە وڵاتێکی وەک پاکستانی ئەتۆمیش لەخۆ بگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ٢ی ٢٠٢٦، نەفتالی بێنێت لە کۆنگرەی سەرۆکی ڕێکخراوە گەورە یەهودییەکان لە ئەمریکا ڕایگەیاند: تورکیا و قەتەر پشتیوانی بەرەیەکی نوێی ئیخوان موسلیمین دەکەن کە هاوشێوەی بەرەی ئێران مەترسیدارە. وتیشی: "ئەردۆغان سەرکردەیەکی ئاڵۆز و مەترسیدارە و هەوڵدەدات ئیسرائیل گەمارۆ بدات."

سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا و قەتەر ئێستا هەژموونیان لە سووریا بەدەستهێناوە و خەریکی درێژکردنەوەی ئەو هەژموونەن بۆ سەرتاسەری ناوچەکە. بێنێت جەختی کردەوە کە نابێت چیتر ئیسرائیل چاو لەو مەترسییانە دابخات و پێویستە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی تاران و دوژمنایەتییەکانی ئەنقەرە ببێتەوە.

بێنێت هۆشداریی ئەوەشی دا کە ئەنقەرە هەوڵدەدات سعودیەش بەلای خۆیدا ڕابکێشێت بۆ ئەوەی بەرەیەکی یەکگرتووی سوننی لە دژی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابمەزرێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP