دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

یەک بەدوو ... بۆ ڤالانتاین

هێمن عەبدولقادر

کابرایەک چوو بۆ لای مامۆستایەک وتی هەنێک ئامۆژگاری خێزانەکەم بکە زۆر خراپە لەگەڵم ، مامۆستاش وتی خوشکم ژن و مێرد مافیان لەسەر یەکتری هەیە ، تۆ چاوت لەوە نەبێت ، ڕاستە ئەم پیاوە (بەڵەکە و دەستنوێژ ڕاناگرێ و چاوی کزە و لەکاتی قسەکردندا دەمی کەف ئەکات و لەکاتی خەودا دەم دائەچەقێنێت ، قاچی ئەلەرزێ و دەست کورتە) ، کابرا کە گوێی لەم قسانە بوو ، وتی خوا بتگرێ مامۆستا ، ئەو قسانەی تۆ بە هاوسەرەکەمت گوت ئەو نیوەیانی نەئەزانی.
کاتێک (هەستەکانی ناوەوەی مرۆڤ) دەگۆرێت بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی (میدیایی) و دیجیتاڵی ، کاتێک مارکێت و مۆلەکان ، وەک تیشێرت و کالە و پێڵاو ، خۆشەویستی و ئامرازەکانی خۆشەویستی دەفرۆشن ، دروست ئەوە رێک ئەوکاتەیە کە خەڵکی و، خۆشت درک بە نیوەی عەیبەکانت دەکەیت.
...............
جاران خەڵک نامەی ئەنووسی ، ئەم نامەیە ، ڕۆژی دەجار دەخوێندرایەوە ، دەخرایە سەرچاو ، ماچی نامە دەکرا ،عەتریان پێدا ئەڕشت، لەناو خزمەکان بەنهێنی ئەخوێنرایەوە ، لە پشتی نامەکە ئەنووسرا سوپاس بۆ (هەڵگری نامە) هەڵگری نامە بەقەد ڕۆزفێڵد و ئەنشتاین و جەنگیز خان هەیبەتی هەبوو ، لەکاتی شەڕ و عاجزی ئەگەڕانەوە بۆ لای هەڵگری نامەکان.
کاتێک خێزانی دیجیتاڵی نەبوو ، خۆشەویستی زیاتر بوو ، کاتێک مۆبایل نەبوو بۆ وێنە گرتن ، مێشک ناچاربوو خۆی وێنەی ئەو چرکە ساتانە بگرێت و بیهێڵێتەوە .
کابرا وتبووی (کەوتمە زیکرەیات ئەیام قیسم داخلی) کاتێک وێنەکە لە مێشکدا بێت زوو زوو دەکەویتە زیکرەیاتی ئەو رۆژانە .
.....................................
جا کورد ئەڵێ :-(زوڵفەقار) بۆ هەموو عەلی ناوێک نەهاتووە
هەموو شتێک کات و تەمەنی خۆی هەیە ، راستە خۆشەویستی تەمەن ناناسێت ، بەڵام مرۆڤ کاتێک لە شەست ساڵیدا یادی هاوسەرگیری دەکاتەوە ، ئەو دەمەی یەکەم ماچتان پێکرد ئێستا رەنگە تاقمی تیابێت ، شتەکان دەگۆرێن ، سەرو ڕیشی ماش و برنجی و ورچی پەمەییان نەوتووە ، وەکو ورچی پاندامان لێهاتووە ، ژێر چاومان ڕەش و سەرسنگمان سپی ، وەکو دەعامی جیتا نیوەی نیکل و ستیل و نیوەی پلاستیکی ڕەش ، ئێ ورچێک ئەخەیتە ناو سەیارەوە ، وەکو شۆفێری عادیلە و ڕافیعە وایە لەسەیارە جێی نابێتەوە ، ئەیدەی بە کۆڵتا هەر عەیبە.
خۆشەویستی ڕاستەقینە ئەوەیە ، کە ڕێزی کەسوکاری یەک دەگرن
ئەوەی کە ناپاکی لەیەکتری ناکەن ،
ئەوەی دەڵێیت (پیویستە قسە بکەین) یانی هێشتا خۆشم دەوێیت.
............
کابرای جوولەکە ، نیوەڕۆ موسڵمان ببوو ، ئێوارە وەفاتی کردبوو ، خزمەکانی لە کاتی ناشتنی ئەیانگوت:-
(موحەمەدد نەناسی و دڵی موساشت لەخۆت عاجز کرد) ،
خێزانی ڕاستەقینە و خۆشەویستی ڕاستە قینە و بەختەوەری ڕاستەقینەمان ئیحساس نەکرد و نەمانناسی ، دڵی بازاڕ و مۆڵ و مارکێت و وێنە و میدیا و ڕوکەشگەرایشمان لە خۆمان عاجز کرد و هەموو دونیا بە نیوەی زام و هەتوان و عەیبەکانی تریشیان زانین.
نوقتە سەری دێڕ ....
...............................................
*کاتێک بۆ شتی ناپێویست خۆمان دەخەینە ژێر خەرجی زۆرەوە ، ئەمە ئیتر پێی ناوترێت ڕۆمانسیەت ، پێی دەگوترێ (باجی کۆمەڵایەتی) دەوڵەت چۆن باج و سەرانەت لێدەستێنێ ، کۆمەڵگاش هەروەها.
*ئەوانەی بەڕاستی دڵخۆشن و ئیحساس بە بەختەوەری دەکەن ، کاتیان نییە زاویە و گۆشەی کامێرای مۆبایلەکانیان رێکبخەن.
*زوڵفەقار هێمایە بۆ مەیدانێکی تایبەت و مرۆڤێکی تایبەت ، سێگۆشەی بەرمۆدای (مۆڵ، سۆشاڵ میدیا، خێزانی دیجیتاڵی) شوێنی هەموو شمشێربازی و رۆمانسیەتێک نییە ، دەبێت بڵێین سوپاس کە هێشتا پێکەوە لە ماڵەوە حەبی زەخت و شەکرە و هەژاری پێکەوە دەخۆین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP